سەردێڕ:

راوێژکاری سودانی زانیاری نوێ لە بارەی پشکی پارێزگاکان لە بودجەی ئەمساڵ ئاشکرا دەکات

PM:05:52:17/03/2023

2028 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە پرۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵدا پشکی دارایی پارێزگاکان تایبەت بە پرۆژەی وەبەرهێنان خەرج دەکرێت و هاوشێوەی ساڵانی دارایی رابردوو نابێت کە هیچ بڕە پارەیەکی پەیوەست بە پرۆژەی وەبەرهێنانی پارێزگاکان خەرج نەکرا.


مەزهەر محەمەد راوێژکاری کاروباری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، ئەو بڕە پارانەی لە ساڵەکانی رابردووی داراییدا نەتوانرا بۆ پارێزگاکان خەرج بکرێت لە بواری وەبەرهێنان، لە بودجەی ئەمساڵی عێراقدا پشکی دارایی سەرجەم پارێزگاکان خەرج دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، خەرجی لە بواری وەبەرهێنانی تایبەت بە پارێزگاکان میکانیزمی نەرم و بێ ئاڵۆزییە بەپێی خەرجی ساڵانە پشکی دارایی هەر پارێزگایەک لە بودجەی ئەمساڵ تەرخان دەکرێت، ئەویش تایبەت دەبێت بە بەکارهێنانی لە پرۆژەکانی وەبەرهێنان.

ئەوەشی خستەڕوو، یاسای کارگێڕی دارایی ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠١٩ و هەموارکراوی ساڵی ٢٠٢٠ تەواوی مافەکانی پارێزگاکان دەپارێزێت لە پرسی خەرجکردنی پشکی دارایی تایبەت بە پارێزگاکە بۆ بەکارهێنانی لە پرۆژەی وەبەرهێنان.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی رابردوو محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، لە پرۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵدا مافی پارێزگاکانیان لە بەکارهێنانەوەی بڕە پارە تەرخانکراوەکانیان پاراستووە.













گەلەری