سەردێڕ:

ژمارەی گیان لەدەستدان لە تورکیا بەهۆی لافاوەوە بەرزبووەوە

AM:11:53:17/03/2023

4448 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی ئەو لافاوەی چەند رۆژێکە لە چەند ناوچەیەکی باکوری کوردستان دروستبووە، ژمارەی ئەوانەی گیانیان لە دەستداوە بۆ ١٧ کەس بەرزبووەوە.


ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، لە چوارچێوەی گەڕان و هەڵمەتی تیمەکانی فریاگوزاری لە شارۆچکەی ئەیوبییە لە ناوەندی شاری رووها تەرمی کەسێکی دیکە لە مۆڵێکدا دۆزرایەوە، بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە بۆ ١٥ کەس بەرزبووەوە.

میدیاکانی تورکیا ناسنامەی ئەو کەسەیان ئاشکرا کردووە کە تەرمەکەی دۆزراوەتەوە ناوی "عومەر زەمان"ە و وەک کارگوزار لە مۆڵێکدا کاری کردووە و لە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٥ی ٣ی ٢٠٢٣ەوە بێسەروشوێن بوو.

هاوکات، لە پارێزگای سەمسور تەرمی دوو کەسی دیکە دۆزرانەوە و بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی بە لافاو لە باکوری کوردستان گیانیان لەدەستداوە بۆ ١٧ کەس بەرزبووەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ پێنجشەممە ئاژانسی هەواڵی ئانادۆڵۆ بڵاویکردەوە، لە چوار رییانی عابیدە کۆپرولو لە شاری شانڵیئورفا، تەرمی هاوڵاتییەک دۆزرایەوە بەمەش ژمارەی ئەوکەسانەی لە شارەکەدا، بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە بۆ ١٤ کەس بەرزبووەوە.

چەند رۆژێک بەهۆی ئەو بارانە بەخوڕەی رووی لە باکوری کوردستان و چەند ناوچەیەکی دیکەی تورکیا کردووە لافاو دروستبووە و بەهۆیەوە ١٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەی هاوڵاتی بێسەروشوێن بوون و چەندان خێزانیش ئاوارە بوون و زیانیان پێگەیشتووە.

ئەمەش لە دوای ئەوەدێت لە ٦ـی شوباتی ئەمساڵدا بومەلەرزەیەکی بەهێز تورکیای هەژاند و نزیکەی ٥٠ هەزار کەس بەهۆیەوە گیانیانلەدەستدا.

کـ - ئـ 














گەلەری