سەردێڕ:

ئەندام پەرلەمانێکی عێراق ئاڵنگارییەکانی بەردەم پڕۆژە یاسای بودجەی ئاشکرا کرد

PM:11:49:16/03/2023

2784 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، نرخی جیهانی نەوت و رێژەی کورهێنان و قەبارەی بودجە و رێژەی ئەو پارەیەیی کە بۆ وەبەرهێنان تەرخانکراوە و کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهاتی نا نەوتی ئاڵنگارییەکانی بەردەم پەسەندکردن و تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢٣ی عێراقن.


سالم ئەنبەکی ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، شەش ئاڵنگاری لەبەردەم پڕۆژە یاسای بودجە هەیە کە دەبێت دووبارە خوێندەوەی بۆ بکرێت پێش ئەوەی دەنگ لەسەری بدرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، ئاڵنگارییەکان بریتین لە نرخی جیهانی نەوت و رێژەی کورهێنان و قەبارەی بودجە کە نزیکە لە ٢٠٠ ترلیۆن دینار و رێژەی ئەو پارەیەیی کە بۆ وەبەرهێنان تەرخانکراوە و کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهاتی نا نەوتی کە دەبنە رێگر لەبەردەم بودجە و ئاڵنگارین بۆ حکومەت تا جێبەجێیان بکات.

ئەوەشی خستەڕوو، کۆدەنگی گرنگ لەسەر دۆسیەیی بودجە هەیە کە رەنگە دۆزینەوەی چارەسەر خێراتر بکات بۆ زۆرێک لە ئاڵنگارییەکان، بەڵام کێشەی کورتهێنانی گەورە و نرخی نەوت جێگەی نیگەرانییە.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی ١٣ی ٣ی ٢٠٢٣ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رەشنووسی بودجەی هەرسێ ساڵی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ی پەسەندکرد. بەگوێرەی پڕۆژە یاساکە حکومەتی عێراق بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ی بە بڕی ١٩٨ ترلیۆن دینار پەسەندکرد کە دەکاتە ١٤٠ ملیار دۆلاری ئەمریکی و تیایدا پشکی هەرێم بریتییە لە ١٢.٦٧٪.


ک.ک













گەلەری