سەردێڕ:

ئەو دووبنەماڵەی بەهۆی شەڕەوە گوندەکانیان چۆڵکردوە یەکێکیان رونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە

PM:06:45:16/03/2023

4384 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی نێوان دوو بنەماڵەوە دانیشتوانی گوندی رەشە زابی سەر بە قەزای خەبات گوندەکەیان چۆڵکردووە.


خورشید هەرکی یەکێک لە دانیشتوانی گوندی رەشە زابی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کێشەکە لەسەر زەوی زیادەڕۆیە و دوای ئەوەی حکومەت ئەو زەویانەی بۆ مامی گێڕاوەتەوە بنەماڵەی بەرامبەر تیایدا خانویان دروستکردووە لە کاتێکدا زەوییەکە کشتوکاڵیە.

وتیشی، رۆژانە لە نێوانیاندا شەڕ و پێکدادان هەبووە و دوای ئەوەی بەڕێوەبەری پۆلیس هەردوو لای ئاگادار کردووەتەوە لەبری ئەوەی بە یاسایی کێشەکە چارەسەر بکات، بە شێوەیەکی عەشایەری چونەتە ناو کێشەکەوە و کێشەکەی رەوانەی دادگا نەکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ ١٠ ساڵ لەمەوپێش و لەو کاتەوە دوو کەس لە بنەماڵەکە کوژراوە و ئەو بنەماڵەیە بەردەوام هێرش دەکەنە سەریان.

خورشید هەرکی داواشی کرد، لە رێگای یاساوە کێشەکەیان بۆ چارەسەربکرێت و ئامادەن بۆ ئەوەی بچنە بەردەم دادوەر.

دەشڵێت، لە پێشتریشدا بوهتانی بۆکراوە و دوو ساڵ زیندانی کراوە.

خورشید هەرکی لە رێگای ئێن ئاڕ تییەوە پەیامێکی ئاڕاستەی دەزگاکانی راگەیاندن کرد و تیایدا داوای لێکردن، لە کاتی چاوپێکەوتن لەسەر ئەو دۆسییەیە کەسانی ئاگادار لە رووداوەکە بدوێنن نەک کەسانێک کە پەیوەندیان بە رووداوەکە نییە و بە پێچەوانەوە سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکات.

بەهۆی نەبردنی کێشەکان بۆ ناو دادگا و بوونی چەک لەدەست هاوڵاتییانی مەدەنی و بەکارهێنانی چەکی هێزە ئەمنییەکان لە شەڕی نێوان بنەماڵەکاندا، ساڵانە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە چەندین کەس گیان لەدەست دەدەن.

رزگار کۆچەر - هەولێر
ک - ک














گەلەری