سەردێڕ:

پلاسخارت: عێراق بەدەست کەمی ئاوەوە دەناڵێنێت و پێویستی بە هاوکاری نێودەوڵەتییە

PM:06:27:12/03/2023

2460 جار خوێندراوەتەوە

نێردەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند، عێراق بەدەست گرفتی کەمی ئاوەوە دەناڵێنێت و بۆ چارەسەرکردنی پێویستی بە هاوکاری نێویدەوڵەتی هەیە.


جینین پلاسخارت نێردەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند، نەتەوە یەکگرتووەکان بەشدارە لە کۆنفرانسی ژینگە و کەشوهەوای عێراق کە لە پارێزگای بەسرە میوانداری دەکرێت. وتیشی، نەتەوەیەکگرتووەکان هەستی بەوەکردووە کە عێراق گرفتی کەمی ئاوی هەیە و پێویستی بە دۆزینەوەی چارەسەری خێرا هەیە.

پلاسخارت باسی لەوەشکرد، "پێویستە هەمووان پێکەوە هەوڵی چارەسەرکردن و دۆزینەوەی چارەسەرێک بدەین، عێراق خۆی بە تەنها لە توانایدا نییە کارێکی لەو شێوەیە بکات"، جەختی لەوەشکردەوە، عێراق پێویستی بە هاوکاری رێکخراو و دامەزراوە دارایی و ئابورییە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی دراوسێ یان هەر وڵاتێکی دیکە هەیە.

دەشڵێت، "ئێمە لێرەین بۆئەوەی بتوانین کارێی هاوبەش پێکەوە ئەنجام بدەین، ئەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان دەتوانێت پێشکەشی بکات ئەوەیە بتوانین هاوبەشێکی گرنگبین و گفتوگۆی بە بایەخ بکەین و هاوکاری تەکنیکی بۆ ئەو بابەتانە پێشکەش بکەین کە دانوستاندانیان لەبارەوە دەکرێت."

هاوکات، نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەوەشی خستەڕوو، هەبوونی چەندین دەزگا و بودجە و بەرنامەی گەشەپێدان و بەرەوپێشەوەچوون بۆ پاڵپشتیکردنی عێراق و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و تێچووەکانی گرنگییەکی گەورەی هەیە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، بە بەشداری ژمارەیەک لە نوێنەرانی وڵاتانی ھەرێمی و نێودەوڵەتی، کۆنفرانسی عێراق بۆ ئاووھەوا لە بەسرە دەستی پێکرد کە دوو رۆژ دەخایەنێت.

لە میانی کۆنفرانسەکەدا، چۆنێتی چارەسەرکردنی کاریگەرییەکانی گۆڕانی ئاووھەوا لەسەر عێراق تاوتوێ دەکرێت.













گەلەری