سەردێڕ:

کازمی لەبارەی لەسێدارەدانی سەدام حسێنەوە نهێنێ نوێ ئاشکرا دەکات

PM:12:57:12/03/2023

26020 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق رایگەیاند، پاش لەسێدارەدانی سەدام حسێن سەرۆکی پێشووتری عێراق چەند چەکدارێک تەرمەکەیان لە نزیک ماڵەکەی فڕێداوە.


مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی شەرق ئەوسەت باسی لەوەشکردووە، چەکدارەکان تەرمەکەی سەدام حسێنیان لە نێوان ماڵەکەی کازمی و نوری مالیکی لە ناوچەی سەوز فڕێداوە. دەشڵێت، "داوام لێکردن لەبەر رێزی ئەوەی گیانیلەدەستداوە تەرمەکەی دوور بخەنەوە."

ئاماژەی بەوەشدا، لە کۆتاییەکانی شەودا تەرمەکەیان بردوو رادەستی خانەوادەکەی سەدامیان کردەوە و دواتر لە تکرین بەخاک سپێردرا.

ئەوەشی خستەڕوو، پاش ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٢ـدا چەکدارانی داعش دەستیان بەسەر شاری تکریتدا گرت گۆڕەکەی سەدام هەڵدرایەوە و لە شوێنێکی دیکە بەخاک سپێردرا.

لە ساڵی ١٩٧٩ـدا، سەدام حسێن مەجید پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقی وەرگرت و ماوەی زیاتر لە ٢٣ ساڵ لەو پۆستەدا مایەوە، لە ماوەی حکومڕانیشیدا، چەندین جار چەکی کیمیایی دژ بە خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان بەکارهێنا، لە نێویشیاندا، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژ بە شاری هەڵەبجە، کە بووە هۆی شەهیدبوونی پێنج هەزار کەس و برینداربوونی نزیکەی ١٠ هەزار کەسی دیکە، دواتر لە ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانییەوە کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی هێنرا و پاش دادگاییکردنی لە سێدارە درا.













گەلەری