سەردێڕ:

ئەمریکا پێنج کۆمپانیای دیکەی ئێرانی خستە لیستی سزادراوەکانییەوە

AM:11:40:10/03/2023

2344 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، پێنج کۆمپانیا کە بنکەکەیان لە چینە و کەسایەتییەکی دیکەی خستووەتە لیستی سزاکانەوە کە پشتگیری لە تۆڕی دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران دەکەن.


وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، تۆڕی دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران لەلایەن نوسینگەی کۆنتڕۆڵی سامانی بیانییەکان (OFAC) کراوەتە ئامانج.

ئاماژەی بەوەشداوە، پێنج کۆمپانیا کە بنکەکەی لە چینە و بەرپرسیارە لە فرۆشتنی هەزاران پێکهاتەی فڕۆکەوانی بەتایبەتی ئەو پێکهاتانەی کە دەتوانرێت بۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکاربهێنرێت، بە دامەزراوەی پیشەسازیی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی ئێران (HESA).

راگەیەنراوەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا باسی لەوەشکردووە، HESA فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی"Shahed-136" ی بەرهەمهێناوە کە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بەکارهاتووە و هەناردەی روسیا کراوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێنج کۆمپانیای بەرپرس لە فرۆشتن و ناردنی پێکهاتەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ئێران بە ناوەکانی کۆتۆ ماچینەری، راڤین، گویلین ئەلفا، S&C Trade و کاسپرۆ و کارمەندی کۆمپانیای S&C Trade، یون شیا یوانیش سزا دەدرێن.

لەلایەن خۆیەوە، براین نێڵسن راوێژکاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ کاروباری پرسی تیرۆر و هەواڵگریی دارایی وتی، ئێران بەهۆی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لە ئۆکرانیا لەلایەن روسیا، راستەوخۆ دەستی هەبووە لە کوشتنی مەدەنییەکان لە ئۆکرانیا.

هاوکات، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا راگەیەنراوێکی دیکەی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوەکراوە، نووسینگەی کۆنترۆڵی سامانی بیانییەکان (OFAC) ٣٩ دامەزراوەی خستووەتە لیستی سزاکانەوە بەهۆی ئەوەی وایان کردووە دامەزراوە سزادراوەکانی ئێران دەستیان بە سیستمی دارایی نێودەوڵەتی بگات.

والی ئادەیمۆ یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەی خستووەتەڕوو، ئێران تۆڕی ئاڵۆزی لەگەڵ کڕیارانی بیانی و دەیان کۆمپانیا پەرەپێداوە کە ئەمەش وا دەکات کۆمپانیا سزادراوەکانی ئێرانی خۆیان لە سزاکان بەدوور بگرن و درێژە بە بازرگانییەکانیان بدەن.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا، ئێران بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی "درۆن"ی بە روسیا فرۆشتووە و لە هێرشەکانیدا بۆ سەر ئۆکرانیا بەکاریان دەهێنێت. لەماوەی رابردوودا ئەمیر عەبدوڵاهییان وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی درۆنی بەروسیا فرۆشتووە، بەڵام پێش هەڵگیرسانی جەنگ. دوابەدوای ئەمەش ئەمریکا زنجیرەیەک سزای نوێی بەسەر چەند کۆمپانیا و دامەزراوەی سەربازی ئێراندا سەپاند.


کـ - ئـ













گەلەری