سەردێڕ:

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا: ئێران و تورکیا کاریگەری خراپیان لەسەر هەرێم و عێراق هەیە

PM:09:00:07/03/2023

2872 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، راستە چالاکییەکانی داعش بەردەوام بوونی هەیە لە عێراقدا، بەڵام رۆڵی عێراق گرنگە لە پاراستنی سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دەشڵێت، "ئێران و تورکیا کاریگەری خراپیان هەیە لەسەر هەرێم و عێراق."


ئانالینا بێربۆک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە کۆنفراسنێکی رۆژنامەنووسیدا لە بەغدا رایگەیاند، ئەگەر عێراق رۆژانە هەواڵی چالاکییەکانی چەکدارانی داعشی تێدا ببیسترێت، هێشتا گرنگترین رۆڵی هەبووە لە پاراستنی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ پاراستنی سەقامگیری.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەڵمانیا گەرەنتی ئاسۆی بەهێز و سەلامەتی داهاتوو بۆ عێراق نادات، بەڵام پابەند دەبن بە پشتیوانیکردن لێی، چونکە ئەگەر چالاکییەکی چەکداری نوێ بێتە کایەوە یاخود دەستێوەردانەکانی ئێران زیاد بکات لە درێژەدان بە قەیرانی ئاو، ئەوا سزای ئەوانە دەگاتە وڵاتەکانی دەوروبەری عێراق.

وتیشی، "بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ عێراق سەرکەوتوو بووە لە بەجێگەیاندنی سەقامگیری و گەشەپێدانی دیموکراتی."

ئەوەشی خستەڕوو، هەر لەبەر ئەو هۆکارەشە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە ئەڵمانیا بە بڕی ٣.٥٩ ملیار دۆلار پشتیوانی دارایی لە عێراق کردووە و بەردەوام دەبن لە فشارکردن و رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش و لەم سەردانەدا هێزەکانی عێراق بە بیرۆکەی دیسپلینی سەربازی ئەڵمانی ئاشنا دەبن.

باسی لەوەشکرد، لە هەرێم و بەغدا باس لە کاریگەری خراپی دەستێوەردانەکانی ئێران و هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا دەکات و کاردەکەن بۆ پتەوکردنی بەرەنگاربوونەوەی هاوبەشی زیانەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ ئانالینا بێربۆک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە سەردانێکی فەرمی چاوەڕوانکراو گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و بڕیاریشە سبەینێ سەردانی هەرێم بکات.













گەلەری