سەردێڕ:

بەهۆی نەبوونی دەفتەری پاسپۆڕت؛ گرفت بۆ هاوڵاتیان دروستبووە و پاسپۆڕت نادرێتە دۆخە لەناکاوەکانیش

PM:06:40:05/03/2023

3220 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی زیاتر لە سێ مانگە دەفتەری پاسپۆرت رەوانەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پاسپۆرت لە هەرێمدا ناکرێت و بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆڕتی سلێمانیش دەڵێت، هۆکارەکەی کێشەیەکی تەکنیکییە لە عێراقەوە و کاری ئەو کەسانەش دواکەوتووە کە دۆخی تایبەتیان هەیە.


بەیان جەمال بەڕێوەبەری راگەیاندنی پاسپۆرتی سلێمانی لە لێدوانێکدا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە کۆتا مانگی ساڵی رابردووە و تاوەکو ئێستا دەفتەری پاسپۆرت لە عێراقەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی نەنێردراوە و بەهۆیەوە کاروباری هاوڵاتیان دواکەوتووە.

ئاماژەی بەوەشدا، نەهاتنی دەفتەری پاسپۆرت لە عێراقەوە بەهۆی بوونی کێشەی تەکنیکییە لە کارگەی دروستکردنی دەفتەرەکان.

ئەوەشی خستەڕوو، کێشەکە تەنها هاوڵاتیانی ئاسایی نەگرتووەتەوە بەڵکو هەندێک کەس نەخۆشن و حاڵەتی تایبەتییان هەیە و کاروباری ئەوانیش دواکەوتووە و نیگەرانن لە بارودۆخەکە.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، لە ٣١ی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆڕتی سلێمانی رایگەیاندبوو، داوا لەو هاوڵاتیانە دەکەن کە نیشتەجێی دەرەوەی وڵاتن بە مەبەستی مامەڵەی تازەکردنەوەی پاسپۆڕتەکانیان نەگەڕێنەوە، چونکە دەفتەری پاسپۆڕت نەماوە و تەنها پاسپۆڕت دەدرێتە ئەو کەسانەی نەخۆشن و ژیانیان لە مەترسیدایە. دوا بەدوای ئەو بەروارەش گرفتی نەبوونی دەفتەری پاسپۆڕت گەورەتر بووە و بەردەوامی هەیە، لە ئێستادا بۆ نەخۆشەکانیش دروستناکرێت.













گەلەری