سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا ئاماژەی بەوە کرد، بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی جەنگ کە لە ئۆکرانیا ئەنجام دەدرێن، لە شاری لاهای هۆڵەندا ناوەندێکی نێودەوڵەتی دەکەنەوە، کە ئەوەیش یەکەم هەنگاوە بۆ دامەزراندنی دادگای تایبەت بە جەنگ.
لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، ڤۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا باسی لەوە کرد، روسیا لە ئۆکرانیا هاوڵاتییانی مەدەنی دەکاتە ئامانج و هێرش دەکاتە سەر ژێرخانی وزە و ژێرخانەکانی دیکەی وڵاتەکە.
ئاماژەی بەوەشدا، هێزەکانی روسیا ئەشکەنجە، مامەڵەی خراپ و توندوتیژی
سێکسی و کوشتنی بێ دادگاییکردنیان ئەنجام داوە.
دەشڵێت، "دەبێت روسیا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکرێت لەسەر
ئەو تاوانە تۆقێنەرانەی ئەنجامیداون. دەبێت ڤلادیمیر پوتین لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکرێت.
ئەوەی لە دەستمان بێت ئەنجامی دەدەین بۆ ئەوەی بکەران راپێچی دادگا بکرێت''.
سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا
ئەوەشی ئاشکرا کرد، هەر لەبەرئەوەیە یەکێتی ئەوروپا پشتیوانی لە رۆڵی دادگای سزای
نێودەوڵەتی دەکات پێیان وایە دادگایەکی تایبەت پێویستە بۆ ئەوەی تیایدا لێکۆڵینەوە
لە تاوانەکان بکرێت.
وتیشی، کۆتایی ئەم هەفتەیە
لە ئۆکرانیا رێککەوتن واژوو دەکرێت لەبارەی دامەزراندنی ناوەندێکی نێودەوڵەتی لە
شاری لاهای هۆڵەندا سەبارەت بە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی جەنگ، ئەمەیش یەکەم هەنگاو
دەبێت بۆ دامەزراندنی دادگایەتی تایبەت بە جەنگ.
بەپێی زانیاریی کۆمسیۆنی یەکێتی
ئەوروپا، لەو کۆنفرانسەی لە ئۆکرانیا ساز دەکرێت، رێککەوتنێکی نوێ لەبارەی تیمی لێکۆڵینەوەی
هاوبەشی لە پەیکەری Eurojustدا، کە دامەزراوەیەکی هاریکاریی یەکێتی ئەوروپایە
بۆ دادگاییکردنی تاوانەکان، واژوو دەکرێت.
ئەرکی تیمی لێکۆڵینەوەی
هاوبەش، کۆکردنەوەی بەڵگە و لێکۆڵینەوە دەبێت لەو تاوانە نێودەوڵەتییانەی لە ئۆکرانیا
ئەنجامدراون.
لە تیمەکەدا پسپۆڕانی
دادگای سزای نێودەوڵەتی، ئۆکرانیا، لیتوانیا، پۆڵەندا، ئیستۆنیا، سلۆڤاکیا و رۆمانیا
بەشدار دەبن.