سەردێڕ:

وەزارەتی پلاندانانی عێراق: حکومەت بەنیازە لەمساڵدا سەرژمێری دانیشتوان ئەنجامبدات

PM:08:21:02/03/2023

2144 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، حکومەت بەنیازە لە ماوەی ئەمساڵدا سەرژمێری دانیشتوان بەشێوەی ئەلیکترۆنی بەڕێوەبچێت. دەشڵێت، "بۆ ئەو مەبەستە پێویستیان بە ١٣٠ هەزار کارمەندی پەروەردەیی هەیە".


عەبدولزەهرا هنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، وەزارەتەکەیان کار لەسەر داڕشتنی پلانێکی یەکگرتوو دەکات بۆ جێبەجێکردنی قۆناغەکانی سەرژمێری دانیشتوان.

ئاماژەی بەوەشدا، حکومەت بەنیازە لەماوەی ئەمساڵدا سەرژمێری دانیشتوان بەڕێوەبچێت. دەشڵێت، لەئێستادا کاردەکەن بۆ بەڕێوەچوونی سەرژمێری دانیشتوان بەشێوەی ئەلیکترۆنی.

دەشڵێت، وەزارەتی پلاندانان پێویستی بە دابینکردنی ١٣٠ هەزار ئامێری ئەلیکترۆنی (تابلێت) هەیە کە لە جێبەجێکردنی سەرژمێریەکەدا بەکاردەهێنرێن.

وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان ئەوەشی ئاشکرا کردووە، پێویستییان بە ١٣٠ هەزار کارمەندی پەروەردەیی هەیە بۆ بەڕێوەچوونی سەرژمێری دانیشتوانی وڵات.

باسی لەوەشکرد، "پێویستمان بە دامەزراندنی ناوەندێکی نیشتمانی یەکگرتوو هەیە بۆ کۆکردنەوەی زانیارییەکان، بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی پەیوەندییەکان و لەئێستاشدا کارکردن بەردەوامە بۆ جێبەجێکردنی ئەم بابەتە بەپێی ئەو ماوانەی پلان بۆ داڕێژراون لەماوەی ئەمساڵدا".

ئەمە لەکاتێکدایە، لە رۆژی ١٦ی ١٠ی ١٩٩٧ دوایین سەرژمێری گشتی لە عێراق بەرێوەچوو، بەگوێرەی ئەو سەرژمێرییەش، جگە لە سێ پارێزگاکەی هەرێم، ژمارەی دانیشتوانی عێراق ١٠ ملیۆن و ١٤٨ هەزار و ٥٤٣ هاوڵاتی بوون.













گەلەری