سەردێڕ:

پوتین: ناتۆ هەوڵدەدات شکستێکی ستراتیجی بەسەر روسیادا بهێنێت

PM:11:31:27/02/2023

4104 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی روسیا رایگەیاند، ئەندامانی هاوپەیمانێتی ناتۆ هەوڵ دەدەن شکستێکی ستراتیجی بەسەر روسیادا بهێنن. دەشڵێت، "هەڵپەساردنی پەیماننامەی نیو ستارت بەهۆی توانا ئەتۆمییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ناتۆوە بوو".


ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا ئاماژەی بەوەدا، روسیا رووبەڕووی هەڕەشەیەک لەسەر بوونی بووەتەوە، چونکە ئەندامانی هاوپەیمانێتی ناتۆ هەوڵ دەدەن شکستێکی ستراتیجی بەسەر روسیادا بهێنن.

ئاماژەی بەوەشداوە، روسیا بەشداریکردنی لە پەیماننامەی نیو ستارتی کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی هەڵپەسارد نەک تەنها بەهۆی توانا ئەتۆمییەکانی ئەمەریکاوە، بەڵکو بەهۆی توانا ئەتۆمییەکانی وڵاتانی دیکەی ناتۆشەوە.

دەشڵێت، لە کاتێکدا کە وڵاتانی ناتۆ بەشدار نین لە پەیماننامەی نیو ستارتدا، بەشدارییان لە گفتوگۆکان لەسەر بابەتەکە کردووە.

سەرۆکی روسیا وتیشی، رۆژئاوا یەک ئامانجییان هەیە، هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو و بەشە بنچینەییەکەی – فیدراسیۆنی روسیا.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی سێشەممەی رابردوو، ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا رایگەیاند، بەشداریکردن لە نوێکردنەوەی پەیماننامەی نیو ستات هەڵدەپەسێرێت کە لە ساڵی ٢٠١٠ لەگەڵ ئەمریکا واژووی کردووە بۆ سنوردارکردنی بڵاوبوونەوەی كڵاوەی ئەتۆمی و موشەکە ستراتیژییەکان دادەنێت.

هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی روسیاش ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی پابەندی کۆتوبەندەکانی پەیماننامەکە دەبێت لەسەر چەکە ئەتۆمییەکان و بەردەوام ئەمەریکاش سەبارەت بە تاقیکردنەوەی موشەکییە بالیستیکییەکان ئاگادار دەکاتەوە.













گەلەری