سەرۆکی روسیا رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە پەرەپێدانی ئامێرە جەنگییەکان و راهێنانی سەربازەکانیان و بەم زووانە سیستەمی مووشەکی هایپەرسۆنیکی زریکۆن بەرهەم دەهێنن کە لە دەریاوە دەهاویژرێت. دەشڵێت، "سیستەمی نوێی ئەتۆمی بەرهەمدەهێنن".
ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، پشتیوانییەکانی روسیا لە هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت و کەرەستەی جەنگی پێشکەوتوویان بۆ دابین دەکات ئەمەش لە پێناو پاراستنی سەرەوەری وڵاتەکەی.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا بەردەوامبن لە دەستوەردان
لە پرسەکانی ئۆکرانیا، ئەوکات روسیا بناغەی کۆنتڕۆڵکردنی چەکی ئەتۆمی تێک دەدات و
تاقیکردنەوەکانی ئەتۆمی وڵاتانی زلهێز رادەگرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، لەمساڵدا مووشەکی بالیستی کیشوەر بڕ لە سنووری روسیا جێگیر
دەکەن لە کاتێکدا بڕیار بوو لە ساڵی رابردوو کاروباری جێگیرکردنی ئەو جۆرە مووشەکە
بەڕێوەبچێت.
ماڵپەڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکی بڵاویکردەوە، بە گوێرەی حکومەتی ئەمریکا لە
پێش سەردانکردنی جۆ بایدن سەرۆکی ئەو وڵاتە بۆ ئۆکرانیا، روسیا ی تاقیکردنەوەی
مووشەکی ئەنجامداوە، بەڵام تاقیکردنەوەکە شکستیهێناوە و روسیا هیچی لەبارەوە نەوتووە.
لە بارامبەردا حکومەتی روسیا دەڵێت، "بەردەوام دەبین لە بەرهەمهێنانی
سیستەمی مووشەکی هایپەرسۆنیکی کینجاڵ و بەم زووانە سیستەمی هایپەرسۆنیکی زریکۆن بەرهەم
دەهێنین."
باسی لەوەشکرد، روسیا پەرە بە هەموو ئامێرە جەنگییەکانی دەدات و بەردەوام
دەبێت لە مەشقکردن بە هێزەکانی و پلەی ئەو سەربازانەش بەرز دەکاتەوە کە رۆڵی گرنگیان
لە جەنگی ئێستای ئۆکرانیادا هەبووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەی ساڵێکە دوای سەرهەڵدانی جەنگی روسیا و ئۆکرانیا،
ناوبەناو بەرپرسە باڵاکانی روسیا هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی تاکتیکی دەکەن و
پێشتر ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی ئەو وڵاتە بڕیاریدا لە سەر سنورەکانو بە ئاراستەی
وڵاتانی خۆرئاوا چەندین سەکۆی ئەتۆمی بەمەبستی بەرگریکردن لە وڵاتەکەی جێگیر بکات،
بەڵام تا ئێستا ئە بڕیارەی جێبەجێنەکردووە.