سەردێڕ:

جۆ بایدن: هاوپەیمانی ناتۆ بەردەوام بەهێزتر دەبێت

PM:11:39:22/02/2023

2564 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هاوپەیمانی ناتۆ تا بێت بەهێزتر دەبێت و بەردەوام دەبن لە پشتگیری کردنی سەرجەم وڵاتانی ناو ئەو هاوپەیمانییە. دەشڵێت، "ڤلادیمیر پوتین هەڵەیەکی گەورەی کرد لە هەڵپەساردنی پەیماننامەی ستارت سێ."


جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی بوخارست لە پۆڵەندا رایگەیاند، هاوپەیمانی باکوری ئەتلەسی ناسراو بە "ناتۆ" لە دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر جەنگی ئۆکرانیا بەهێزتر بووە و هەڵپەساردنی پەیماننامەی ستارت سێ لەلایەن سەرۆکایەتی روسیاوە کارێکی هەڵەبوو.

ئاماژەی بەوەشدا، پابەندبوونی ئەمریکا بە هاوپەیمانی ناتۆ بەردەوام دەبێت و بەرگری لە هەموو بستێکی وڵاتانی ئەندامی ئەو هاوپەیمانییە دەکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، ڤلادمیر پوتین سەرۆکی روسیا هەڵەیەکی گەورەی کرد لە کاتی هەڵپەساردنی پەیماننامەی ستارت سێی تایبەت بە سنووردارکردنی چەکی ئەتۆمی کە لەگەڵ ئەمریکا واژووی کردبوو.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا ئاڕاستەی وتەکانی کردە سەرکردەکانی وڵاتانی بوخارست و وتی، وڵاتانی لایەنی رۆژهەڵاتی ناتۆ کە وڵاتانی بوخارست دەگرێتەوە رۆڵی ریزی پێشەوەی پاراستنی هاوپەیمانیەکە دەبینن.

وڵاتانی کۆمەڵەی بوخارست لە ساڵی ٢٠١٥ لە بوخارستی پایتەختی رۆمانیا لە میانەی دەستبەسەراگرتنی دوورگەی قەرەم لەلایەن روسیاوە دامەزرا و لە وڵاتانی رۆمانیا و پۆلەندا و بولگاریا و چیک و هەنگاریا و ئستۆنیا و لاتیڤا و لیتوانیا و سلۆڤاکیا پێکدێت.













گەلەری