سەردێڕ:

فینلاند: چاوەڕوانین تورکیا لە بارەی ئەندامێتیمان لە ناتۆدا هەنگاو بنێت

PM:04:30:20/02/2023

2096 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی فینلاند رایگەیاند، دوای ئەوەی پەیامی ئەرێنییان لەبارەی ئەندامێتیی وڵاتەکەی لە ناتۆدا پێگەیشت، چاوەڕوانی ئەوە لە تورکیا دەکەن لەو بارەیەوە هەنگاو بنێت.


پێککا هاڤیستۆ وەزیری دەرەوەی فینلاند لە میانی چوونی بۆ ناو هۆڵی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا کە لە بڕۆکسل بەڕێوەچوو، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەندامێتی وڵاتەکەی لە ناتۆ، بەبیری هێنایەوە کە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەمڕۆ سەردانی تورکیای کردووە و وتی، "دڵنیام پەیامی ئەمریکا ئەوەیە، تا زووتر سوید و فینلاند ببنە ئەندامی ناتۆ باشترە".

پێککا هاڤیستۆ ئەوەی بیرهێنایەوە کە تورکیا و هەنگاریا لە ٣٠ وڵاتی ئەندام لەنێو ناتۆدا، هێشتا پرۆتۆکۆڵەکانی پەیوەستبوونیان بە ناتۆ پەسەند نەکردووە و رایگەیاند کە هیوادارن ئەم دوو وڵاتە بەزووترین کات پرۆتۆکۆڵەکان پەسەند بکەن. وەزیری دەرەوەی فینلاند، ئاماژەی بەوە دا کە تورکیا روانگەیەکی ئەرێنی هەیە تەنها بۆ ئەندامێتیی فینلاند و "ئەو پەیامەی لە تورکیاوە پێمان گەیشت ئەوە بوو کە ئێمە وەک فینلاند ئەو پرسانەمان جێبەجێ کردووە کە هاوینی رابردوو لە یاداشتە سێقۆڵییەکاندا لەسەری رێککەوتبووین. بێگومان ئەمە پەیامێکی ئەرێنییە، بەڵام تورکیا پێویستە هەنگاو بنێت". پاش لەشکرکێشی روسیا بۆ ناو ئۆکرانیا، سوید و فینلاند هەردوو وڵاتی باکوری ئەوروپا کە سنوری ئاوییان لەگەڵ روسیادا هەیە لە مانگی پێنجی ساڵی ٢٠٢٢ بڕیاریان دا دەستبەرداری بێلایەنی سەربازی بن و ببن بە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا. تورکیا مەرجی هەبوو بۆ ئەو پرسە و نیگەرانە لەوەی سوید رەتیکردەوە دەیان کەسی کە ئەنقەرە دەڵێت پەیوەندییان بە پەکەکە و هەوڵی کودەتا سەرنەکەوتووەکەی ساڵی ٢٠١٦ هەیە، رادەستی تورکیا بکاتەوە.













گەلەری