سەردێڕ:

چارەسەرێکی نوێی بۆ نەخۆشی شێرپەنجە دۆزرایەوە

PM:03:10:20/02/2023

4744 جار خوێندراوەتەوە

لە رێگەی ئەنجامدانی توێژینەوەکانیان، زانایان توانییان چارەسەرێکی نوێ تایبەت بە نەخۆشی شێرپەنجە بدۆزنەوە کە کاریگەرتر دەبێت لەچارەسەرە بەکارهێنراوەکان.


بەگوێرەی راپۆرتێکی پزیشکی کە لە رۆژنامەی "Nature Chemical Biology" بڵاوکراوەتەوە، ئەمجۆرە نوێیەی چارەسەرە دۆزراوەکە لەرێگەی بەکارهێنانی تیشکی جێگیرکراو لە نزیک وەرەمەکە بەکاردێت و دواتر جۆرێکی دیاریکراو لە چارەسەر دەستنیشان دەکرێت.

زانایان باسیان لەوەکردووە، بەکارهێنانی ئەم چارەسەرە کاریگەری و دەرئەنجامی باشی دەبێت بەراورد بە سەرجەم ئەو چارەسەرانەی لەئێستادا بەکاردەهێنرێن.

هاوکات، زانایان کاریان لەسەر دژەتەنەکانی جەستەکردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکە کە لەگەڵ ئامانجەکەیاندا یەکدەگرنەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکە و لەرێگەی تیشکەوە بەگەڕدەخرێن لە جەستەی تووشبووەکاندا، و رەنگە لەداهاتوودا چارەسەرەکە بەشێوەیەکی بەرفراوانتر بەکاربهێنرێت.

چارەسەرە نوێیە تیشکییەکە لەنزیک وەرەمەکە دادەنرێت و لەرێگەی تیشکەکانییەوە کە دەریدەکات چارەسەری خانە شێرپەنجەییەکان دەکات.

دکتۆر ئامیت ساشدیفا لەزانکۆی ئەنجلیا و خاوەنی توێژینەوەکە دەڵێت، "لەئێستادا چارەسەرەکانی شێرپەنجە دەرمانی کیمیاوین کە بەهۆیەوە خانە شێرپەنجەییەکان دەکوژێت، بەڵام دوورنییە زیان بە خانە تەندرووستەکانی جەستە بگەیەنێت وەک خانەکانی خوێن و پێست.

ئەوەش بەومانایە دێت کە دەبنە هۆی دەرکەوتنی کاریگەری لاوەکی وەک هەڵوەرینی قژ، هەستکردن بە ماندوێتی و نەخۆشی و ئەگەری زیادکردنی توشبوون بە هەوکردن بەڵام چارەسەرە نوێیەکە ئەم کاریگەرییانە لەخۆ ناگرێت.

پێدانی چارەسەرەکە لە ڕێگەی چاندنی گڵۆپە رووناکی و تیشکدەرەوەکانەوە دەبێت لە ناوچەکانی وەرەمە شێرپەنجەییەکاندا بەڵام ئەگەر شێرپەنجە کە لەپێستدابوو ئەوا بەشێوەیەکی راستەوخۆ تیشک لەپێستەکە دەدرێت و بە تەنها ناوچە تووشبووەکان تیشکەکەیان بەردەکەوێت و بەشە تەندروستەکانی دیکە و خانەکانی دیکە هیچ زیانێکیان پێ ناگات و کاری دژەتەنەکان چالاکتر دەکات و فەرمانەکانیان رێکدەخاتەوە.

زانایان ئەوەشیان خستووەتەڕوو، دەتوانرێت چارەسەرەکە بۆ هەموو نەخۆشی و حاڵەت و جۆرە جیاوازەکانی نەخۆشی شێرپەنجە بەکاربهێنرێت، بەڵام بۆ شێرپەنجەی خوێن یان لوکیمیا بەکارنایەت.













گەلەری