سەردێڕ:

جۆو بایدن: هاوکارییەکانمان بۆ ئۆکرانیا بەردەوامیان دەبێت

PM:01:53:20/02/2023

2404 جار خوێندراوەتەوە

جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمریکا بە سەردانێک چووە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا و لەگەڵ ڤۆلۆدێمیر زیلینسکی سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبووەوە و بەردەوامی هاوکارییەکانی بۆ دووپاتکردنەوە.


جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنی بەردەوامی هاوکارییە سەربازی و مرۆییەکانی بە گەلی ئۆکرانیادا و وتیشی ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری دیکە هاوکاری سەربازی ئەو وڵاتە دەکەن لە جەنگی دژی رووسیادا.

لەبارەی جەنگەکەوە ئەوەشی وت، کە روسیا زیانێکی زۆری بەرکەوتووە لە جەنگەکەدا.

لەساڵیادی هەڵگیرسانی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا و لەسەردانێکی چاوەڕواننەکراودا سەرۆکی ئەمریکا گەیشتە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا.

لەچەند رۆژی داهاتوودا جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا پێدەنێتە ساڵی یەکەمەوە و لە ئێستاشدا جەنگەکە بەردەوامی هەیە.

ڤۆڵۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە هەژماری فەرمی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام دوایین وێنەی خۆی لەگەڵ جۆوبایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەساتی بەیەک گەشتن و تەوقەکردنیاندا بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد سەرۆکی ئەمریکا سەردانی کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیای کردووە.

سەرۆکی ئۆکرانیا نوسیوویەتی، جۆو بایدن بەخێربێیت بۆ کیێڤ، سەردانەکەت گرنگییەکی گەورەی هەیە و نیشاندەری پشتگیری و هاوکاری کردنتانە بۆ گەلی ئۆکرانیا.

جۆو بایدن وتیشی، ساڵێک لەمەوپێش و لەم کاتەدا لەگەڵ زیلێنسکی بە تەلەفۆن گفتوگۆمان کرد و ئەم بەیانییەش لەواشنتۆنەوە سەردانی کیێڤم کردووە، فڕۆکە و تانکە سەربازییەکانی روسیا سنوورەکانتانی بەزاندووە پێتوتم لەوانەیە بەهۆی هاتنم تەقینەوە دروست ببێ بەڵام من گوێم بەوەنەدا.

بایدن باسی رۆژانی سەرەتای جەنگی کرد و وتی، ئەمڕۆ جیهان لەبەردەم گۆڕانکارییەکی گەورەدایە و من لەبیرمە لێم پرسیت چی دەگوزەرێت و دەتوانین چۆن هاوکاریتان بکەین و یارمەتیتان بدەین؟ لەبیرمە لەوەڵامدا چیت پێوتم بەدیاریکراوی وتت، "سەرکردەکانی جیهان کۆبکەرەوە و داوایان لێبکە هاوکاری و پشتگیری ئۆکرانیا بکەن."

جۆو بایدن باسی لە بیرەوەری پارساڵی ئەو وڵاتە کرد و باسی لەوەکرد، ساڵێک پێش ئێستا لەشەوێکی رەشدا جیهان بینەری هێرشکردنە سەر کیێڤ بوو، وادیاربوو کە ئەوە کۆتایی ئۆکرانیایە، بەڵام وەک دەزانن و دەبینن دوای ساڵێک ئەمڕۆ کیێڤ و ئۆکرانیا و گەلی ئۆکرانیا لەسەر پێی خۆیان وەستاون و دیموکراسی بەردەوامە و ئەمریکاش بەردەوامە لە هاوکاریکردنی ئۆکرانیا.

"کیێڤ بەشێک لەدڵی منی داگیرکردووە" ئەمەش بەشێکی دیکەی قسەکەی بایدن بوو و ئەوەشی ئاشکراکرد، پێویستە هەمووان ئەوە بزانن کە روسیا نەک تەنها لە رووی سەربازییەوە زیانێکی زۆری کردووە، بەڵکو لەناوخۆی روسیادا زیانی زۆری بەرکەوتووە و ئابوورییەکەی داڕوخاوە.

جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا لە ٢٤ی شوباتی ساڵی رابردوودا بە هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دەستی پێکرد و هەتا ئێستاش بەردەوامی هەیە و وڵاتانی خۆرئاوا و ئەمریکا پشتگیری خۆیان لەیەکەم رۆژی جەنگەکەوە بۆ ئۆکرانیا راگەیاندووە و هێرشەکانی روسیایان سەرکۆنە کردووە و بە داگیرکاری ناویان بردووە و بە پێویستی دەزانن روسیا جەنگەکە رابگرێت و ئاشتی و ئاسایش بۆ ناوچەکە بگەڕێنێتەوە.

 













گەلەری