سەردێڕ:

راوێژکاری ئەڵمانیا: هەوڵدەدەین شەڕ لە نێوان ناتۆ و روسیا رونەدات

PM:11:26:17/02/2023

2652 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، کاردەکەن بۆ راگرتنی هاوسەنگی لە نێوان چەک پێدان بە ئۆکرانیا و هەڵنەگیرسانی شەڕ لە نێوان روسیا و ناتۆدا. دەشڵێت، "شەڕی ئۆکرانیا بە کشانەوەی هێزەکانی روسیا کۆتای دێت".


ئۆلاڤ شۆڵتز راوێژکاری ئەڵمانیا لە چوارچێوەی کۆنگرەی ئاسایشی میونخ رایگەیاند، هاوکاری تەواوی ئۆکرانیا دەکەن و هەرچی رووبدات ئامادەن بۆ جەنگی درێژی ئۆکرانیا و ناتۆ فراوانتر دەکرێت.

وتیشی، بەرهەمهێنانی کەرەستەی شەڕ زیاتر دەکەن تا پێداویستی ئۆکرانیا پڕ بکەنەوە و داواشی لە ئەو وڵاتانە کرد کە توانای ناردنی تانکیان هەیە بۆ ئۆکرانیا ئێستا ئەو کارە بکەن.

ئاماژەی بەوەشدا، پۆتین سەرناکەوێت و درکی بەوەکردووە ناتوانێت فراوانکاریەکانی بکات و جەنگی ئۆکرانیا بە کشانەوەی هێزە روسییەکان کۆتای دێت.

ئۆلاڤ شۆڵتز سەبارەت بە بارودۆخی بەرگری ئەوروپا رایگەیاند، دەبێت ئەوروپا توانا بەرگرییەکانی پەرەپێبدات و پێویستیان بە پیشەسازی زیاتری چەک و بەرگری هەیە لە ئەوروپا و ١٠٠ ملیاریۆرۆیان بۆ بەرەوپێشبردنی سوپای ئەڵمانیا دابین کردووە .

لەلایەن خۆیەوە، ئیمانوێڵ ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا لە چوارچێوەی کۆنگرەی ئاسایشی میونخ رایگەیاند، جەنگی ئۆکرانیا تەنها لە ئەوروپا نییە و هەموو جیهانی گرتووەتەوە و کارەساتێکە کە دەیانەوێت بە زووی کۆتای پێبهێنین.

ئاماژەی بەوەشدا، سیاسەتمەدارانی باڵا و ئەفسەرانی سەربازی و دیپلۆماتکارانی سەرتاسەری جیهان لە میونخن کۆبوونەتەوە بۆ پێداچوونەوە بە دیمەنە ئەمنییەکانی ئەوروپا کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی روسیا لە ئۆکرانیا سیماکانی گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و دەبێت رووبەروی ئەقڵیەتی داگیرکاری روسیا ببینەوە.

سەرۆکی فەڕەنسا سەبارەت بە روسیا وتی، روسیا بەڵێنامەی نەتەوەیەکگرتووەکانی پێشێل کردووە و بەرپرسیارە لە هەموو کاردانەوەکان کە بەهۆی جەنگەوە سەری هەڵداوە وەک قەیرانی خۆراک و لە رووبەڕووبونەوەی ئۆکرانیاش شکستی هێناوە و بوەتە هێزێکی ناسەقامگیرکار لە بەشێکی جیهاندا و دەبێت هاوکاری ئۆکرانیا بکەین بۆ ئەوەی گفتوگۆ بکرێت لە نیوان روسیا و ئۆکرانیا.

کۆنگرەی ئاسایشی میونخ کۆنگرەیەکی ساڵانەیە و لە ئەڵمانیا دەبەسترێت و تایبەتە بە بواری ئاسایشی جیهان و تیایدا ٤٥٠ سەرکردە و بڕیاردەری وڵاتان بەشداری دەکەن و بۆ ئەمساڵ کۆنگرەکە زیاتر تایبەت کراوە بە جەنگی ئۆکرانیا و بارودۆخی ئێران و سوریا.



ک.ک













گەلەری