سەردێڕ:

نوێترین ئاماری گیانلەدەستانی بومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا بڵاوکرایەوە

PM:11:06:16/02/2023

4704 جار خوێندراوەتەوە

دەزگای کارەسات و فریاگوزاری تورکیا رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە ٣٦ هەزار کەسی تێپەڕاند. هاوکات، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، زیاتر لە پێنج هەزار کەس بەهۆی بومەلەرزەکەوە لەو وڵاتە گیانیان لە دەستداوە.


دەزگای کارەسات و فریاگوزاری تورکیا نوێترین راپۆرتی خۆی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، زیانەگیانییەکان لە مەرعەش، عەنتاب، ڕوحا، ئامەد، عەدەنە، سەمسور، عوسمانییە، هاتای، کلس، مەلەتی و ئەلعەزیز روویداوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، بە گشتی لە ناوچەکەدا ٢٩ هەزار و ٩٤٤ کارمەندی گەران و فریاگوزاری کار دەکەن کە بریتین لە تیمە حکومی و نا حکومییەکانی تورکیا و خۆبەخشەکان.

دەشڵێت، لە ئەنجامی دانوستانەکان لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە، ژمارەی ئەو کارمەندانەی گەڕان و فریاگوزاری کە لە وڵاتانی دیکەوە دێن و بەردەوامن لە ئەرکەکانیان و ژمارەیان ١١ هەزار و ٤٨٨ کەسە.

لەبەشێکی دیکەی راپۆرتەکەیدا دەزگای کارەسات و فریاگوزاری تورکیا ئاشکرای کرد، بەهۆی بومەلەرزەکەوە لە تورکیا ٣٦ هەزار و ١٨٧ کەس گیانیان لەدەستداوە.

باسی لەوەشکردووە، تا ئێستا ٢١٦ هەزار و ٣٤٧ کەس لە ناوچەی بوومەلەرزەکان گواستراونەتەوە بۆ ناوچەکانی دیکە.

هاوکات، لەلایەن خۆیەوە، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لە سوریا گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە پێنج هەزار و ٦٥١ کەس لە نێویشیاندا نزیکەی دوو هەزاریان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندیدان.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی شەشی ئەم مانگە، بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی ٧.٨ پلە بە پێوەری رێختەر چەندین ناوچەی باکوری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان و سوریا و تورکیای هەژاند و زیاتر لە ٣٥ هەزار کەس گیانیان لە دەستداوە و پێشبینیدەکرێت دەیان هەزار کەس لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا مابێتنەوە و لە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە هەفتەیەک بەسەر ئەو رووداوەدا تیمە فریاگوزارییەکان بەردەوامن لە رزگارکردنی هاوڵاتیان.













گەلەری