سەردێڕ:

ناتۆ: فشار لە تورکیا دەکەین بۆ پەسەندکردنی بەئەندامبوونی سوید و فینلاند لە ناتۆ

AM:11:35:16/02/2023

2132 جار خوێندراوەتەوە

سکرتێری گشتیی ناتۆ لە سەردانی داهاتوویدا بۆ پێشکەشکردنی پشتیوانی لە دوای بومەلەرزەکان بۆ تورکیا بە نیازە، فشار لە تورکیا بکات تا هەوڵەکانی سوید و فینلاند بۆ بوون بە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ پەسەند بکات.


بڕیارە یانس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی ناتۆ، رۆژی پێنجشەممە واتە ئەمڕۆ سەردانی ئەنقەرە بکات و لەوێوە بڕوات بۆ ئەو ناوچانەی کە بەهۆی بومەلەرزەکەی هەفتەی رابردووەوە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.

هاوتاکانی تورکیا لە ناتۆدا داوایان لە ئەنقەرە کردووە کە واژۆ لەسەر داواکارییەکەی سوید و فینلاند بۆ بوون بە ئەندام لەو هاوپەیمانتێتییە بکات.

بەئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە لە ناتۆ پەیوەستە بە واژۆی هەر ٣٠ وڵاتی ئەندام تیایدا و پێویستە پەرلەمانی هەر ٣٠ وڵاتەکە داواکەی فینلاند و سوید پەسەند بکەن بۆ ئەوەی ببنە ئەندام.

ئەوەی تا ئێستا هەیە، تورکیا و هەنگاریا تەنها دوو وڵاتی ئەندامی ناتۆن کە ئەم داواکارییەیان پەسەند نەکردووە و ئەنقەرە پێشنیازی کردووە کە دەتوانێت ئەندامێتی فینلاندا پەسەند بکات بەبێ سویدی دراوسێی.

ستۆڵتنبێرگ ئاماژەی بەوەکرد، تۆپەکە لە گۆڕەپانی تورکیادایە بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەرەو پێشەوە بچێت و دەڵێت، "دەکەوێتە سەر تورکیا، کە بڕیار بدات کە ئایا هەردووکیان پەسەند دەکەن یان نا و منیش پێشنیازی ئەوەم کردووە."

بە گوێرەی قسەکانی سکرتێری گشتی ناتۆ، ریزبەندیکردنەکە گرنگ نییە، گرنگترین شت ئەوەیە کە هەردوو وڵاتی فینلاند و سوید و بەم زووانە ببنە ئەندامی هاوپەیمانییەکە.

پاش لەشکرکێشی روسیا بۆ ناو ئۆکرانیا، سوید و فینلاند هەردوو وڵاتی باکوری ئەوروپا کە سنوری ئاوییان لەگەڵ روسیادا هەیە لە مانگی پێنجی ساڵی ٢٠٢٢ بڕیاریان دا دەستبەرداری بێلایەنی سەربازی بن و ببن بە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا.

تورکیا مەرجی هەبوو بۆ ئەو پرسە و نیگەرانە لەوەی سوید رەتیکردەوە دەیان کەسی کە ئەنقەرە دەڵێت پەیوەندییان بە پەکەکە و هەوڵی کودەتا سەرنەکەوتووەکەی ساڵی ٢٠١٦ هەیە، رادەستی تورکیا بکاتەوە.

لـ.لـ












گەلەری