سەردێڕ:

ئەمریکا ناوی چەند کۆمپانیایەکی چینی بۆ لیستی رەشی وڵاتەکەی زیاد کرد

PM:06:18:11/02/2023

1800 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی ئەمریکا چەند کۆمپانیایەکی ئاسمانی چینی خستە لیستی رەشی وڵاتەکەی و لە بازاڕی جیهانی کەلوپەلی فڕۆکەوانی بلۆکی کردن.


ئالان ئیستیڤیز یاریدەدەری وەزیری بازرگانی و کاروباری پیشەسازی ئەمریکی راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بەکارهێنانی بالۆنی بەرزفڕیو لە ئاسمانەکانی ئەمریکا هەڕەشە لەسەر سەروەری و ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا دروست دەکات.

هەر لەوبارەیەوە، دۆن گریفەر جێگری وەزیری بازرگانی ئەمریکی ئەوەی خستەڕوو، چەند کۆمپانیایەکی چینی بە تۆمەتی بەکارهێنانی ئامێری دیاریکەری بەهێز بۆ لیسیتی رەشی ئەمریکا زیادکراون و رێگرییان لێدەکرێت لە بەکارهێنان و گەیشتن بە بازاڕە جیهانییەکانی کەلوپەلی ئاسمانی، چونکە زیانیان بە ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا گەیاندووە.

ئاماژەی بەوەشدا، لە بەکارهێنانی ئەم لیستە و کەلوپەلە سیسیتەمی و جێبەجێکارییەکانیان بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا پاشگەزنابنەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی رابردوو بە بڕیاری جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمریکا، هێزی ئاسمانی ئەو وڵاتە بالۆنێکی چینی تێکشکاند کە بەسەر ئاسمانی ناوچە هەستیارەکانی ئەمریکادا دەفری.

لە دوای تێکشکاندنی بالۆنەکە ئەمریکا ئاشکرای کرد کە بالۆنەکە کەلوپەل و ئامێری سیخوڕی تێدابووە.

سەبارەت بەو پرسە حکومەتی چین راگەیندراوەکانی ئەمریکای رەتکردەوە و وتی، "ئەو بالۆنە بۆ کاروباری شارستانی بووە و ئامێرەکانی ناویشی تایبەتە بە لێکۆلێنەوە و توێژینەوەی کەشناسی."













گەلەری