سەردێڕ:

پلەی رێختەر چییە؟

PM:11:47:09/02/2023

12156 جار خوێندراوەتەوە

پێوەری ڕێختەر بە یەکێک لە وردترین و باشترین پێوەرەکان دادەنرێت بۆ پێوانى بومەلەرزە لە جیهاندا، کە دەتوانێت گوڕ و پلەى بومەلەرزەکان و جوڵەی پلێتەکانی ژێر زەوی لە نزمترین پلەوە تا بەرزترین تۆمار بکات.


پێوەرى رێختەر لە هەموو پێوەرەکانى دیکەى بومەلەرزە بەربڵاوترە لە بواری پێوانی پلەکانى بومەلەرزە و تۆمارکردنیان کە لەسەر سیستمێکی ژمارەیی لۆگاریتمیی بونیاد نراوە، کە لەلایەن زانایەکی ئەمریکی بەناوی چارلز فراسیس رێختەر لە ساڵی ١٩٣٥ داهێنراوە و دواتریش گەشەی پێدراوە و گۆڕانکاری تێدا کراوە.

سیستمی رێختەر، پێوانەکەی لەسەر ١٠ ژمارەیە و گوڕ و هێزی بومەلەرزەکە دەپێوێت لە دووریی ناوکی دروستبوونی و جوڵانی پلێتەکانی زەوی، پلە بەندییەکیشی بەجۆرێکە لە پلەی یەکەوە تاوەکو چوار بومەلەرزەی ئاساییە و هێزەکەی کەمە و لەپلەی سێ و چواردا دەکرێت مرۆڤ بەشێوەیەکی کەم هەستی پێبکات، بەڵام لە پلەی چوار بۆ سەرەوە تا دەگاتە پێنج پۆینت نۆ، زیانەکانی سنوردارە.

لە پلەی شەشەوە بۆ حەوت و سەرووتر، بە بومەلەرزە بەهێزەکان ناودەبرێن، کە لە دوورى ١٢٦ کیلۆمەتر لە ناوکی شوێنى روودانى بومەلەرزەکەوە دەتوانن ماڵ و باڵەخانەکان بڕوخێنن.

لە پلەی حەوت تا هەشتیش بە بومەلەرزەى بەهێز ناودەبرێت و زیانی زۆر و گەورە بەدوای خۆیدا دێنێت تا ئاستێک کە دەتوانێت هەر ناوچەیەک لەسەر نەخشە بسڕێتەوە. لە پلەى هەشتیشەوە تاوەکو ٩.٩ بە بومەلەرزەی وێرانکەر ناودەبرێت و دەتوانێت چەند وڵاتێک بەتەواوی وێران بکات، تا دووری سەدان و بگرە هەزاران کیلۆمەتریش لە دووری چەقى بومەلەرزەکە زیانى گەورەى لێبکەوێتەوە، ئەو جۆرە بومەلەرزە لە هەموو جۆرەکانى دیکە ترسناکترە و تا ئێستا هیچ بومەلەرزەیەک لە مێژوودا بەو پلەیە تۆمارنەکراوە.

ئەگەر پلەى روودانى بومەلەرزەیەک پێنج پلە بێت، ئەوا ئەو هێزەى دروستى دەکات یەکسانە بەهێزى تەقینەوەی ٢٠ هەزار تۆن ماددەى تى ئێن تى، هێزى بومەلەرزەیەکى پلە شەشیش یەکسانە بەهێزى تەقینەوەی ٦٠ هەزار تۆن ماددەى تی ئێن تی.

بومەلەرزە، رووداوێکی سروشتییە کە لەناکاو دێت و کارەسات لەگەڵ خۆی دێنێت، کارەساتەکانیش بەپێی پلەی بومەلەرزەکە دەگۆڕێت.













گەلەری