سەردێڕ:

ئەمریکا گۆڕانکاری لە پێشبینییەکانی بۆ نرخی نەوت لە ساڵی ٢٠٢٣دا کرد

PM:09:57:09/02/2023

1408 جار خوێندراوەتەوە

فەرمانگەی زانیارییەکانی وزەی ئەمریکا رایگەیاند، پێشبینیکراوە نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت ٨٣ دۆلار و ٦٣ سەنت بێت لە کاتێکدا لە مانگی کانوونی دووەمدا، پێشبینی ٨٣ دۆلار و ١٠ سەنت دەکرا.


بە لەبەرچاوگرتنی زیادبوونی خواستی چین کە گەورەترین هاوردەکاری نەوتە لە جیهاندا، فەرمانگەی زانیارییەکانی وزەی ئەمریکا لە نوێترین راپۆرتیدا گۆڕانکاری لە پێشبینییەکانی بۆ نرخی نەوتی ئەمساڵ ئەنجامدا.

لە "راپۆرتی کورت مەودای مانگی شوباتی ٢٠٢٣"ی فەرمانگەکەدا هاتووە، پێشبینیکراوە نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت ٨٣ دۆلار و ٦٣ سەنت بێت لە کاتێکدا لە مانگی کانوونی دووەمدا، پێشبینی ٨٣ دۆلار و ١٠ سەنت دەکرا.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، پێشبینیدەکرێت نرخی بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساس لەمساڵدا، ٧٧ دۆلار و ٨٤ سەنت بێت و ئەم نرخە بۆ کانوونی دووەم ٧٧ دۆلار و ١٨ سەنت بوو.

ئاماژەی بەوەشداوە، پێشبینبیدەکرێت لە ساڵی داهاتوودا، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت ٧٧ دۆلار و ٥٧ سەنت بێت و نرخی بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساسیش ٧١ دۆلار و ٥٧ سەنت بێت.

راپۆرتەکە ئاماژەی بە ناڕوونییەکانی مانگی رابردووی بازاڕی نەوتداوە کە خواستی چین لەسەر نەوت و بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن روسیا تۆمارکراوە و باس لەوە شکراوە کە بە لەبەرچاوگرتنی خواست و بەرهەمی ئەو دوو وڵاتە چاوخشێندراوەتەوە بە گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە نرخی نەوت.

لە راپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، پێشبینییەکانی تایبەت بە گەشەی خواستی چین لەسەر نەوت هەیە و ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە مانگی کانوونی دووەمدا، روسیا زیاتر لە رێژەی چاوەڕوانکراو نەوتی بەرهەمهێناوە، بەمشێوەیش پێشبینیدەکرێت تا کۆتایی ٢٠٢٤ بەرهەمهێنانی نەوتی روسیا زیاد بکات.

هەربەگوێرەی راپۆرتەکەی فەرمانگەی زانیارییەکانی وزەی ئەمریکا،چاوەڕواندەکرێت لەمساڵدا، تێکڕای بەرهەمی رۆژانەی نەوتی خاوی ئەمریکا لە رۆژێکدا، ١٢ ملیۆن و ٤٩٠ هەزار بەرمیل بێت. ساڵی رابردوو ئەم ژمارەیە نزیکەی ١١ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار بەرمیل بوو. پێشبینیشدەکرێت تا ساڵی ٢٠٢٤ بگاتە ١٢ ملیۆن و ٦٥٠ هەزار بەرمیل.

هاوکات، پێشبینیدەکرێت لەسەر ئاستی جیهانیش لەمساڵدا، رۆژانە ١٠١ ملیۆن و ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بخرێتە بازاڕەوە و لە ساڵی داهاتووشدا ئەم ژمارەیە بۆ ١٠٢ ملیۆن و ٦١٠ هەزار بەرمیل زیاد بکات.

راپۆرتەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپیک) لەمساڵدا، رۆژانە ٣٤ ملیۆن و ٨٠ هەزار بەرمیل و لە ساڵی داهاتووشدا، رۆژانە ٣٤ ملیۆن و ٧٧٠ هەزار بەرمیل نەوت و بەرهەمەکانی بەرهەمدێنێت.

تەنها بەرهەمی نەوتی خاوی رێکخراوەکە لەمساڵدا، رۆژانە ٢٨ ملیۆن و ٦٦٠ هەزار بەرمیل و لە ساڵی داهاتوودا، ٢٩ ملیۆن و ٣١٠ هەزار بەرمیل دەبێت.

هەروەها چاوەڕوان دەکرێت لەمساڵدا، خواستی رۆژانە لەسەر نەوت بگاتە ١٠٠ ملیۆن و ٤٧٠ هەزار بەرمیل و ساڵی داهاتووش ئەم ژمارەیە بۆ ١٠٢ ملیۆن و ٢٦٠ هەزار بەرمیل، بەرزببێتەوە.













گەلەری