سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، ژمارەی گیان لەدەستدانەکان لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەی رۆژی دووشەممە لە تورکیا ١٦ هەزار کەسی تێپەڕاند. هاوکات، روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ژمارەی گیان لەدەستدانەکان لەو وڵاتە سێ هەزار کەسی تێپەڕاند.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، ژمارەی گیان لەدەستدانەکان لە ئەنجامی بوومەلەرزەکە گەیشتووەتە ١٦ هەزار و ١٧٠ کەس.
ئاماژەی بەوەشدا، ٦٤ هەزار و ١٩٤ کەسی دیکەش برینداربوون.
هاوکات، روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ نوێترین ئاماری قوربانیانی بومەلەرزەکەی
سوریای بڵاو کردەوە و تیایدا هاتووە، لەو
وڵاتە ژمارەی گیان لەدەستدانەکان گەیشتووەتە سێ هەزار و ٧٧٣ کەس.
بەمەش، کۆی گشتی گیان لەدەستدانەکان بەهۆی بوومەلەرزەکەی رۆژی دووشەممەی
رابردووەوە لە تورکیا و سوریا گەیشتووەتە ١٩ هەزار و ٩٤٣ کەس.