لە شارۆچکەیەکی باکوری سوریا تیمەکانی فریاگوزاری منداڵێکی تازە لەدایکبوویان لەژێر پاشماوەی باڵەخانەیەکدا دەرهێنا کە لەکاتی رووخانی باڵەخانەکەدا لە دایکببوو و وێڵاشەکەی هەر بە دایکییەوە پەیوەست بوو.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستی میدیاکان کەوتووە، منداڵەکە کچ بووە و لە پاش رووخانی باڵەخانەکەیان بەهۆی بومەلەرزەوە لە دایکبووە و کاتێک هێزەکانی فریاگوزاری رزگاریان کردووە هێشتا وێڵاشەکەی نەبڕدراوە و پەیوەست بووە بە دایکییەوە.
بەپێی گێڕانەوەی
میدیاکان، خێزانی منداڵەکە کە لە دایکی و باوکی و چوار برای پێکهاتبوو نەیان توانیوە
وەک منداڵە ساواکەیان رزگاریان ببێت و لە ژێر پاشماوەی ماڵەکەیاندا گیانیانلەدەستداوە.

ئاماژەیان بەوەشکردووە،
منداڵەکە پاش رزگارکردنی بردراوەتە نەخۆشخانەی عەفرین و تاوەکو ئێستاش لەوێیە و بەرپرسانی
نەخۆشخانەکە باسیان لەوەکردووە، کاتێک منداڵەکە گەیشتووەتە لایان پلەی گەرمی
جەستەی زۆر دابەزیوە و باری تەندروستی خراپ بووە.
پزیشکەکان باس لەوەدەکەن، پێدەچێت بەهۆی فشاری رووخانی باڵەخانەکە و
ئەو ترسەی بۆ دایکەکە دروستبووە، منداڵەکەی لەو دۆخەدا لەدایکبووبێت.
لە دوو رۆژی
رابردوودا سێ بومەلەرزە کە بەهیزترینیان بە گوڕی ٧.٨ پلەی رێختەر بوو ناوچە سنورییەکانی
نێوان تورکیا و سوریا و رۆژئاوا و باکوری کوردستانی هەژاند و لە هەرێمی کوردستانیش
هەستی پێکرا. بومەلەرزەکە بووە هۆی زیانێکی زۆری گیانی و ماددی و لە ئێستاشدا ژمارەی
گیانلەدەستدانەکان هەشت هەزار کەسی تێپەڕاندووە.
ئـ.کـ
هـ.ئـ