سەردێڕ:

ئاماری گیانلەدەستدان و بریندارانی بومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا بەرزبووەوە

AM:08:09:07/02/2023

7524 جار خوێندراوەتەوە

ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بومەلەرزەکەی ناوچە سنوورییەکانی نێوان تورکیا و سوریا گەیشتە چوار هەزار و ٣٠٠ کەس و لە تورکیا پێنج هەزار و ٦٠٠ باڵەخانە روخاون.


دوێنێ زنجیرەیەک بومەلەرزەی بەهێز ناوچە سنوورییەکانی نێوان تورکیا و سوریای هەژاند کە بەهیزترینیان ٧.٨ پلە بوو، ئەمڕۆش ژمارەی گیانلەدەستدان لە تورکیا گەیشتە دوو هەزار و ٩٢١ کەس و لە سوریاش هەزار و ١١١ کەس گیانیانلەدەستداوە.

بەڕێوەبەرایەتی فریاگوزاری کارەساتەکانی تورکیا رایگەیاند، بومەلەرزەکان بەزۆری ئەو ناوچانەی هەژاندووە کە باڵەخانەی نیشتەجێبوونی تێدابووە و ئەو باڵەخانەنەش خێزانی زۆری تێدابووە و ئەوەش بووەتە هۆی بەرزکردنەوەی ژمارەی قوربانیان.

هاوکات بەهۆی زنجیرە بومەلەرزەکەوە لە تورکیا ١٤ هەزار کەس بریندار بوون و لە سوریاش سێ هەزار و ٤١١ کەس بریندار بوون.

بەرەبەیانی دوێنێ، لە کاتژمێر ٤دا بومەلەرزیەک بە گوڕی ٧.٨ پلەی رێختەر و بە قوڵایی ٧ کیلۆمەتر لە تورکیادا روویدا و چەقی بومەلەرزەکە لە پارێزگای مەڕەش بوو، کە دواتر بومەلەرزەیەکی دیکەش بە گوڕی ٧.٥ پلە روویدا و کاریگەری بومەلەرزەکان سوریا و بەشێکی رۆژئاوای کوردستانیشی گرتەوە و لە هەرێمی کوردستانیشدا هەستی پێکرا.

بەهۆی بەهێزی بوومەلەرزەکە بەدەر لە زیانە گیانییەکان بەشێکی زۆری باڵەخانەکان داڕمان و تاوەکو ئێستاش گەڕان بەدوای قوربانیانی دیکە لەژێر پاشماوەی باڵەخانەکاندا بەردەوامە.
ئـ.کـ













گەلەری