پسپۆڕێکی بواری جیۆفیزیایی لە بەرنامەی تاوتێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، ئەو بومەلەرزانەی لە تورکیا و سوریا روودەدەن لە هەرێم روونادەن، هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵی دووەمی چالاکی بوومەلەرزەیە.
لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا، ئارام نامیق پسپۆڕی بواری جیۆفیزیا باسی لەوەکرد، باکوری کوردستان لەسەر هێڵی چالاکی بوومەلەرزەیە و ساڵانە بوومەلەرزەی گەورەی تیدا روودەدات، بەڵام باشوری کوردستان لە پلەی دووەمی هێڵی چالاکی بوومەلەرزەیە.
ئەو پسپۆڕە ئەوەی روونکردەوە، لە زانستی بومەلەرزەزانیدا
تا ئێستا ناتواندرێت شوێن و کات و بڕی بوومەلەرزە ئاشکرا بکرێت، ئەوەشی زانا هۆڵەندییەکە
سێ رۆژ بەر لە ئێستا باسی کردووە، لەسەر بنەمای جووڵەی پلێتەکان بووە و لێکدانەوەی
خۆی بۆ کردووە، هەرچەند پێشبینییەکان نزیک بووە، بەڵام پشتی پێنابەسترێت و پێشبینی
کردنی بوومەلەرزە شتێکی ئەستەمە.
ئەوەش پاش ئەوە دێت، کە زانایەکی هۆڵەندی بەناوی فرانک،
سێ رۆژ بەر لە ئێستا پێشبینی روودانی بومەلەرزەکەی ئەمڕۆی تورکیا و سوریای کردبوو
و ئەگەری گوڕەکەی بە ٧.٥ دانابوو.
لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە ئەو پسپۆڕە دەڵێت، ئەو بوومەلەرزانەی
لە تورکیا و سوریا روودەدەن لە هەرێم روونادەن لەبەر ئەوەی زۆرینەی ئەو بومەلەرزانەی
لە هەرێم روودەدات لە نێوان ٤ پلە بۆ ٦.٥ رێختەرە، تەنها لە ساڵی ٢٠١٧ بومەلەرزیەک
بە پلەی ٧.٢ پلەی رێختەر لە دەربەندیخانی
دا ئەمەش شتێکی نامۆ بوو، چونکە لە ماوەی ٨٠٠ ساڵی رابردوودا شتی وا رووینەدابوو.
هاوکات ئیدریس نادر سەرۆکی بەشی زانستەکانی زەوی و نەوت
لە زانکۆی سەڵاحەدین لە میانەی بەشداربوونی لە بەرنامەی تاوتوێ لە هەولێرەوە رایگەیاند،
شاری هەولێر لە هەردوو هێڵی چالاکی بوومەلەرزەی ئێران و تورکیا دوورە، ئەگەر
بومەلەرزەیەک لەنزیک هەرێم رووبدات کاریگەری کەمترە بەراورد بە سلێمانی و دهۆک و کەمتر
هەستی پێدەکرێت.
سەبارەت بە هۆکارەکانی زیادبوونی بومەلەرزەش وتی، بیرە نەوتەکان
و بەنداو کاریگەری لەسەر دروستبونی بوومەلەرزە هەیە، بەڵام تا ئێستا لە کوردستان بیرە
نەوت و بەنداوی لەو جۆرە نییە تاوەکو بومەلەرزە دروستبکات.
دکتۆر ئیدریس ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە لە هەرێمی
کوردستان چەندین ناوەندی توێژینەوە هەبێت تا بتوانرێت ناوچەکانی بومەلەرزە دیاریبکرێت
و بخرێتە سەر نەخشە بۆ ئەوەی باڵەخانەکان بەپێی کوالێتی ئەو نەخشانە بنیاد بنێرێن
و رەچاوی روودانی بومەلەرزە لە کوالێتیاندا بکرێت.
ئەوەش دوای ئەوە دێت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ نزیک کاتژمێر ٤ی
بەیانی بومەلەرزەیەکی بەهێز لە باکور و رۆژئاوای کوردستان روویدا و بەهۆیەوە زیاتر
لە دوو هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١١ هەزار کەسیش بریندابوون و
گەڕان بەدوای بێسەروشوێن بووەکانیشدا بەردەوامە، جگە لەوەی بووە هۆی رووخانی چەندین
باڵەخانە و زیان بە شوێنە گشتییەکان.
کـ.کـ
هـ.ئـ