سەردێڕ:

بانکی ناوەندی عێراق لێکۆڵینەوەکانی بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار ئاراستەی سەرۆکوەزیران کرد

PM:07:00:06/02/2023

32532 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندی عێراق ئەو لێکۆڵینەوانەی تایبەت بە دابەزینی نرخی دۆلار ئەنجامیدابوو کۆتایی پێهێنا و دەرئەنجامەکەشی رادەستی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد.


رۆژی ٣ی شوبات پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق و یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە تورکیا کۆبوونەوە و ئەمریکا ماوەی نۆ مانگ مۆڵەتی بە عێراق دا بۆ گرتنەبەری رێکارەکان و جێبەجێکردنی مەرجەکانی ئەمریکا بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار.

لەو کاتەشدا یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا پاڵپشتی ئەمریکای بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار راگەیاند.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ بانکی ناوەندی عێراق ٩٨ ملیۆن و ٩٥٦ هەزار دۆلاری خستە بازاڕەوە و بڕی خستنەڕووی دۆلاری زیادکرد لە بازاڕەکانی دراودا. کە بەرزکردنەوەی رێژەی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندیەوە دوای کۆبوونەوەکەی پارێزگاری بانکی ناوەندی و یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دێت لە تورکیا کە تیایدا عێراق و ئەمریکا گەیشتنە رێککەوتن لەسەر سەقامگیرکردنی نرخی دۆلار لە عێراقدا.
ماوەی دوو مانگە نرخی دۆلار ناجێگیرە و بەهای ١٠٠ دۆلار لە ١٤٧ بۆ ١٤٨ هەزار دینارەوە گەیشتووەتە ١٦٥ هەزار دینار و زیاتر، لە هەفتەی رابردووشدا نرخەکەی گەیشتە ١٧٤ هەزار دینار و دووبارە دابەزییەوە. لە سەرەتای ناجێگیری نرخی دۆلاریشەوە، بانکی ناوەندی و حکومەتی عێراق باس لە گرتنەبەری هەنگاوی پێویست دەکەن بۆ دابەزاندنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار.


 













گەلەری