سەردێڕ:

کەشناسی: بەفر و باران بەردەوامی دەبێت

PM:02:53:05/02/2023

39576 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ بە گشتی ئاسمانی هەرێم هەور و باراناوی دەبێت و ئەگەری بارینی تەرزەش هەیە، سبەی دووشەممەش، لە ئێوارەدا ئاستی بارانبارین زیاددەکات و بەفر ناوچە شاخاوییەکان دادەپۆشێت.


وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم، پێشبینییەکانی کەشناسی بۆ ئەمڕۆ و سبەی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییەکان و باران لە تەواوی هەرێم بەردەوامی دەبێت لە دوو رۆژی داهاتوودا.

ئەمڕۆ یەكشەممە، ئاسمانى هەرێم بەگشتى هەور و باراناوى دەبێت، باران بە شێوەى پچڕپچڕ لە كاتی جیاجیا دەبارێت و لە هەندێک ناوچەدا ئەگەرى بارینی تەرزە هەیە.

شەپۆلی بەفربارین ناوچە سنوورییەکان و شاخاوییەکان دەگرێتەوە و ئاستى باران و بەفر لە سنوورى پارێزگاى دهۆک زیاتر دەبێت و لە کاتەکانى ئێوارە و شەودا ئاستى دابارین لە ناوەندی پارێزگاکان کەم دەبێتەوە.

سەبارەت بە سبەی دووشەممە ئاشکرای کردووە، هەور و باران زۆربەی هەرێـمی كوردستان دەگرێتەوە و بەفر بەشێکی زۆری ناوچە شاخاوییەکان دادەپۆشێت، لە دوای ئێوارەوە، ئاستى بارانبارین زیاتر دەبێت.

لە بەشێکی سنوورى پارێزگاى هەولێر و دهۆک، لەگەڵ دروستبوونى هەورەتریشقە، خێرایى با لە کاتەکانى ئێوارەدا لە سنوورىپارێزگاى هەولێر و کەرکوک زیاد دەكات .

ئەوەش خراوەتەڕوو، سبەینێ پلەکانی گەرما دوو بۆ سێ پلە بەراورد بە ئەمڕۆ یەکشەممە، بەرزدەبێتەوە.

لەبارەی ڕێژەی باران بارین لە ٤٨ كاتژمێری ڕابردوودا، لە پارێزگای دهۆك لەسەر ئاستی پارێزگاكان زۆرترین بڕی بارانی لێ بارییوە، بە رێژەی ١٤.٦ ملیمەتر.

بەرزترین رێژەی باران بارین لە سنوری پارێزگای هەولێر، لە مێرگەسۆر بە بڕی ٣٠ ملیمەتر بووە و لە پارێزگای سلێمانی، بەرزترین رێژە لە ناحیەی سەركەپكان بە رێژەی ٥.٧ ملیمەتر لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین باریوە.

هاوکات، لە پارێزگای كەركوك، بەرزترین ئاستی دابارین لە ناحیەی شوان بە پلەی ٢.٢ ملیمەتر بووە و لە پارێزگای دهۆک، بەرزترین ئاستی دابارین بە رێژەی ١٩.٣ ملیمەتر لە زاخۆ بووە و لە پارێزگای هەڵەبجەش، بەرزترین رێژەی بارین بە دوو ملیمەتر لە تەوێڵە بووە.
ل.ل













گەلەری