سەردێڕ:

وەزیرێکی پێشووی عێراق هۆشداری لە جیاوازی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار لە بازاڕ و بانکەکاندا دەدات

AM:10:33:14/01/2023

39256 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری پێشووی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق رایگەیاند، ئابوری عێراق لەبەردەم دۆخێکی مەترسیداردایە، ئەوەش لەکاتێکدایە دوو نرخی جیاواز بۆ دۆلار بوونی هەیە لە بازاڕ و بانکەکاندا.


محەمەد ساڵح دراجی وەزیری پێشووی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، بەهای دۆلار پێویستی بە گرتنەبەری رێوشوێنی گونجاو هەیە بۆئەوەی کۆنترۆڵی نرخەکەی بکرێت. وتیشی، دابەزینی بەهای دینار کاریگەری لەسەر چینی هەژارانی کۆمەڵگە داناوە.

باسی لەوەشکرد، دوو نرخی جیاواز بۆ دۆلار یەکێکایان لە بانکی ناوەندی و ئەوی دیکەش لە بازاڕدا ئاماژەیە بۆ دۆخێکی مەترسیدار لە ئابوری عێراقدا.

لەماوەی رابردووشدا محەمەد زیادی ئەندام لە پەرلەمانی عێراق باسی لەوەکردبوو، فرۆشتنی نەوت بە دۆلاری ئەمریکی هیچ دەرئەنجامێکی نابێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بانکی ناوەندی عێراق لەماوەی هەفتەی رابردوودا لەرۆژی یەکشەممەوە هەتا پێنجشەممە بڕی ٣٦٠ ملیۆن و ٩٤٥ هەزار و ٧٧٤ دۆلاری فرۆشتووە، کە رۆژانە بڕی ٧٢ ملیۆن و ١٨٩ هەزار و ١٥٤ دۆلاربووە و ٢٩.٥٢٪ کەمتربووە لە هەفتەی پێشوو.

هاوکات، فرۆشراوەکان لەسەرشێوەی دراوی نەختینەیی و ناردنەدەرەوە بە مەبەستی بازرگانی بووە، ئەوەش لەکاتێکدایە نرخی فرۆشتنی ئەو دۆلارەی گواستراوەتەوە سەر هەژماری بانکی لە دەرەوە بۆ هەر دۆلارێک ١٤٦٠ دینار بووە.













گەلەری