سەردێڕ:

سەرۆکی پارتی: هیوادارم راسپاردەکانی کۆنگرەی ١٤ی پارتی لە خزمەتی بەرژەوەندی گەلەکەماندا بێت

AM:11:01:03/11/2022

2012 جار خوێندراوەتەوە

کۆنگرەی پارتی لە دهۆک دەستی بە کارەکانی کرد و مەسعود بارزانی سەرۆکی حزبەکەش رایگەیاند، هیوادارە ئەنجام و راسپاردەکانی کۆنگرەی ١٤ی پارتی لە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەیاندا بێت.


مەسعود بارزانی لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمڕۆ لە شاری دهۆک ١٤یەم کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستی بە کارەکانی کرد.

نووسیویشییەتی، "بەو بۆنەیە پیرۆزبایی لە سەرجەم ئەندام و لایەنگرانیپارتی و خەڵکی کوردستان دەکام و هیوادارم ئەنجام و ڕاسپاردەکانی کۆنگرەی ١٤ی پارتی لە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەیاندا بێت."

لە مانگی ئابی ٢٠٢٢، هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرەکەی پارتی دەستیپێکرد، کە زیاتر لە ٦٠٠ هەزار ئەندام مافی دەنگدانیان هەبوو، بەپێی ئەنجامەکانیش ٨٠٠ ئەندام بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردران.

جگە لە ئەندامانی هەڵبژێردراو بەپێی پەیڕەوی کۆنگرە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی بەبێ دەنگدان دەبنە ئەندامی کۆنگرە، هەروەها لە %٢٥ی ئەندامانی کۆنگرەش دەبێت ژن بن.

پارتی تاوەکو ئێستا ١٤ کۆنگرەی حزبەکەی ئەنجامداوە و یەکەم کۆنگرەشی ‌لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦، بە نھێنی لە شاری بەغدا ئەنجامدا بە ئامادەبوونی نزیکەی (٧٠) نوێنەر.













گەلەری