سەردێڕ:

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: هاوڵاتییەکی ئەمریکی بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە کوژراوە

PM:09:55:29/09/2022

16948 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێران بۆسەر بنکەو بارەگاکانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان، هاوڵاتییەکی ئەمریکی کوژراوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری ڤیدانت پاتێڵ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، بەهۆی رەچاوکردنی پاراستنی نهێنی ناتوانێت هیچ لێدوانێکی زیاتر لەسەر دۆسییەکەبدات.

ئێران بۆمببارانی بنکەو بارەگاکانی حزبە کوردییە نەیارەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستانی لەناوچەکانی هەولێر وسلێمانییەوە کرد لە رێگای ئاراستەکردنی مووشەکی دوورمەوداکانییەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی دەزگای دژە تیرۆر لە هەرێمی کوردستان، لە مۆمببارانەکەی ئێراندا لانیکەم ١٣ کەس شەهیدبوون و لەنێو کوژراوەکانیشدا ژنێکی دووگیان دوای لەدایک بوونی کۆرپەکەی شەهیدبوو و ئەمڕۆش کۆرپەکەی گیانی لەدەستدا.

هاوکات، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، توانیویانە لەڕێگەی ئارستەکردنی ٧٣ موشەکی بالیستییەوە بەیارمەتی دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ٤٢ لە ئامانجە دەستنیشانکراوەکانیان بەوردی بپێکن.

تەلەفزیۆنی ئێران بڵاویکردەوە، هێرشەکانی ئێران بارەگاکانی حزبە نەیارەکانی کۆمەڵە و دیموکراتی کوردستانی ئێران و ئازادی کوردستانی لە هەرێمی کوردستان بە ئامانج گرتووە.

هاوکات، لەئاکامی هێرشەکانی ئێراندا ٥٨ کەس برینداربوون کە زۆربەیان هاوڵاتی مەدەنیبوون و چەندین منداڵیش لەنێو برینداراکاندا هەن.













گەلەری