راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئهمریكا هۆشداریدایه ئێران و رایگهیاند، تاران ناتوانێت گلەیی و گازندەی هەڵقوڵاوی کێشە ناوخۆییەکانی خۆی و ناڕەزایاتییهكانی هاوڵاتیانی بە هێرشکردن بۆ دەرەوەی سنورەکانی خۆی بەتاڵبکاتەوە. دەشڵێت، "ئەمریکا پاڵپشتی تهواو له سهركردهكانی عێراق و ههرێمی كوردستان دهكات".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، جەیک سەلیڤەن راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئهمریكا راگهیهندراوێكی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئەمریکا بە توندی هێرشی درۆون و موشەکی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستانی عێراق ئیدانە دەکات.
وتیشی، ئەمریکا پاڵپشتی تەواو لە سەرکردە عێراقی و سەرکردەکانی ههرێمی
كوردستان دەکات و وتیشی، هاوشانیان رادەوەستن.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەم هێرشانە پەلامارن
بۆ سەر سەروەری عێراق و خەڵکەکەی و ئەمریکاش پشتیوانی بهغداد و ههولێرە.
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئهمریكا باسی لهوهشكردوه، سەرکردەکانی ئێران
بەردەوامن لە نیشاندانی هەڵە زەقهكانیان، ئهوهش نەک تەنها بە پشتگوێخستنی ژیانی
هاوڵاتییانی خۆیان، بەڵکو ژیانی هاوڵاتییانی دراوسێکانیان و پشتگوێخستنی پرنسیپی
بنەڕەتی سەروەری و یەکپارچەیی خاک کە لە رەشنوسی دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتوەکاندا
بەرز راگیراوە.
جەیک سەلیڤەن ئهوهشی خستهڕوو، ئێران ناتوانێت گلەیی و گازندەی هەڵقوڵاوی
کێشە ناوخۆییەکانی خۆی و ناڕەزایاتییهكانی هاوڵاتیانی وڵاتهكهی بە هێرشکردن بۆ
دەرەوەی سنورەکانی خۆی بەتاڵبکاتەوە.
وتیشی، پێویستە ئەم هەڵە زەقەی
ئێران لە بەکارهێنانی موشەک و درۆن دژی دراوسێکانی و دابینکردنیان بۆ روسیا لە جەنگی
شەڕەنگێزانە لە ئۆکرانیا و پێدانیان بە بەکرێگیراوان لە ناوچە جیاجیاکانی رۆژهەڵاتی
ناوەڕاست لەسەر ئاستی جیهان سەرکۆنە بکرێت.
باسی لەوەشکرد، ئەمریکا بەردەوام
دەبێت لە گەڕان بۆ سەپاندنی سزا و ئامڕازی تر بۆ لەبەریەکپچڕاندنی چالاکییە وێرانكارییهكانی
ئێران لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.