سەرۆکی رەوتی حیکمە رایگەیاند، قەبووڵی ناکەن عێراق ببێتە بارەگا و گۆڕەپانی ناکۆکییەکانی وڵاتانی دراوسێ. دەشڵێت، " داوا لە دەوڵەتانی دراوسێ دەکەین کۆتایی بە دەستتێوەردانەکانیان بهێنن و سەروەری خاکی عێراق بپارێزن".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەممار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە لە تویتێکدا رایگەیاند، پابەندن بە دەستووری عێراق و سەروەری و سەقامگیری خاکەکەیەوە کە پەیوەندیدارە بە ئاسایشی هەرێمی و جیهانی و سەقامگیرییانەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، وەک هاندەرێک جەخت لەسەر بەردەوامی و رۆشتنی سیاسەتی
عێراق لەسەر ئەم هەنگاوانە لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوەشدا دەکەنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، "قەبووڵی ناکەین عێراق
ببێتە بارەگا و ساحەی ناکۆکییەکانی وڵاتانی دراوسێ".
عەممار حەکیم دەشڵێت، داوا لە دەوڵەتانی
دراوسێ دەکەن کۆتایی بە دەستتێوەردانەکانیان بهێنن و سەروەری خاکی عێراق بپارێزن و
بتوانن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هەماهەنگبن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەک لەسەر
وڵاتەکانیان.
ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەی هەفتەیەکە بۆردوومانی ئێران بۆ سەر ناوچەکانی هەرێم
بەردەوامی هەیە و دوێنێ چوارشەممە بە چڕی بۆردوومانی چەندین ناوچەی هەرێمی کرد و بەگوێرەی
قسەی بەرپرسێکی سوپای پاسداران زیاتر لە ٧٣ موشەکی بالیستییان ناوە بە بارەگای حزبە
کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە لە هەرێمی کوردستان.
هاوکات، بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستی هەرێم، لە هێرشەکانی دوێنێی ئێراندا
١٣ کەس شەهید بوون و ٥٨ کەسیش برینداربوون.
هێرشەکان لەسەر ئاستی ناوخۆی و دەرەوەش کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و زۆرێک
لە وڵاتانی جیهان سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد.