سەردێڕ:

کونسوڵخانەی ئەمریکا: گرنتی کۆتاییهاتنی هێرشەکانی ئێران بۆسەر هەرێم ناکەین

AM:10:30:29/09/2022

20816 جار خوێندراوەتەوە

کونسوڵخانەی ئەمریکا رێنمایی تایبەت بە خۆپاراستنی لە بۆردومانەکانی ئێران بڵاوکردەوە و دەشڵێت، "حکومەتی ئەمریکا گرەنتی کۆتایی هاتنی هێرشەکانی ئێران ناکات."


بەشی راگەیاندنی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بڵاویکردەوە، کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بەردەوامە لە وەرگرتنی هەواڵ و راپۆرتی میدیایی سەبارەت بە هێرشی بەردەوامی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران بۆ سەر چەند ناوچەیەکی هەرێم و دەشڵێت، "حکومەتی ئەمریکا ناتوانێت گرەنتی کۆتایهاتنی هێرشەکانی ئێران بدات."

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا چەند رێنماییەکی تایبەت بە خۆپاراستن لە هێرشەکان خستووەتەڕوو و تیایدا هاتووە، "هاوڵاتیان خۆیان بەدوور بگرن لە ناوچە بە ئامانجکراوەکان لەلایەن ئێرانەوە کە لە ماوەی رابردووشدا بۆردومانیکردوون وەک ناوچەی پردێی نزیک پارێزگای کەرکوک و قەزای کۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر و گوندی زڕگوێز سەر بە پارێزگای سلێمانی و قەزای رانیە لە رۆژهەڵاتی سلێمانی."

داواشدەکات، "دوور بکەونەوە لە ناوچە سنوورییە کێشە لەسەرەکان."

باس لەوەشکراوە، بەردەوام چاودێری میدیا ناوخۆییەکانی هەرێم و عێراق بکەن بۆ گەیشتن بە نوێترین زانیاری.

ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، دوێنێ چوارشەممە ئێران بە درۆن چەندین جار هێرشیکردە سەر ناوچەکانی زڕگوێز و کۆیە و پردێ و سیدەکان و چەندین ناوچەی دیکەی هەرێمی کوردستان و بەگوێرەی دواین زانیاری وەزارەتی تەندروستی ١٣ کەس شەهید بوون و ٥٨ کەسیش برینداربوون.













گەلەری