بەیانی ئەمڕۆ کۆمەڵێک جووتیاری سنووری سەیدسادق بەهۆی ساغنەبوونەوەی بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکاندا گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و داوای چارەسەری پێویستیان لە هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ کرد.
جوتیاران باسیان لەوەکرد، داوا لە هەردوو حکومەتی دەکەن کە رێگە چارەیەک بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان بدۆزنەوە چونکە زۆربەی بەرهەمەکانی ئەمساڵیان خراپ بووە.
ئاماژەیان بەوەشکرد، هەردوو حوکمەتی
هەرێم و بەغدا یەکتر لۆمە دەکەن لە بارەی داخستنی خاڵەسنوورییەکان لە کاتی پێگەیشتنی
بەرهەمە کشتووکاڵییەکانیانو ئەوەش بە زەرور زیانی ئەوان دەشکێتەوە.
باسیان لەوەشکردووە، ئەوان ناتوانن کرێی بەڕاد بدەن چونکە لە ئێستادا پێداویستی
و تێچووی کەرەستە کشتووکاڵییەکان گرانە و ئەمساڵ پەین لە ١٨ هەزارەوە بووەتە ٦٥
هەزار دینارە و بەرهەمە کشتوکاڵییە ناوخۆییەکان پارەیەکی کەم دەکەن.
هاوکات، بەدریە ئیبراهیم ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ
لە کە لە گردبوونەوەکەدا ئامادەیی هەبوو رایگەیاند، باس لەوەکراوە گوایە وەزارەتی
کشتووکاڵی هەرێم و عێراق رێکەوتون لەسەر داخستنی خاڵە سنوورییەکان بۆ ساغکردنەوەی
بەرهەمە کشتووکاڵییەکان بەڵام هیچیان پابەند نین بە بریارەکەوە و وتیشی، "بەڵام
ئێمە بەدواداچوون دەکەین بۆ دۆزینەوەی لایەنی سەرەکی کێشەکە."
پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێ ئەوەشی ئاشکراکرد، پێویستە رێگری بکرێت لە هاوردەکردنی
بەرهەمی کشتوکاڵی لەکاتی پێگەشتنی بەرهەمە کشتوکاڵییە ناوخۆییەکان هاوشێوەی عێراق
کە لەکاتی پێگەشتنی بەرهەمەکاندا خاڵە سنورییەکان دادەخات.
بەدریە ئیبراهیم باسی لەوەشکرد، کە پێویستە حکومەتی هەرێم پشتیوانی بەرهەمی
کشتووکاڵی ناوخۆیی بکات، چونکە کەرتێکی گرنگە لە بەرەوپێشبردنی ئابووری وڵاتدا.
لای خۆشیەوە ئاریان تاوەگۆزی پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی
رۆژنامەنووسیدا بە جووتیارەکانی راگەیاند، ئەوان بەردەوام دەبن لە پاڵپشتییەکانیان
و بەدواداچوون دەکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر لە پێناو ساغکردنەوەی بەروبومەکانیان.
ئاریان تاوگۆزی ئەوەشی خستەروو، لە پاش پەیوەندیان لەگەل حکومەتی عێراقی،
وەڵامیان دراوەتەوە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە و بڕیار دراوە، بەروبومی
جوتیارانی کوردستان بەبێ هیچ باج و گومرگێک رەوانەی ناوەراست و باشووری عێراق بکرێت،هەروەها
داوایان لە حکومەتی هەرێم کردووە کە هاوردەی بەروبومی دەرەکی رابگرێت بۆئەوەی بەروبومی
جوتیاران لە بازارەکانی عێراق ساغ بکرێتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، جوتیارانی هەرێمی کوردستان بەردەوام ناڕەزایەتی
دەردەبڕن بەهۆی ئەوەی بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکاندا پارەی پێویست ناکات و باسیان
لەوەکردووە کە توشی زەرەر و زیانی زۆر بوون بەهۆی ئەوەی رێگری لە بەرهەمی
هاوردەکراوی وڵاتانی دیکە ناکرێت و کەرتی کشتوکاڵ بەگوێرەی پێویست گرنگی پێنەدراوە.