سەردێڕ:

بریکاری وەزارەتی تەندروستی: ئەو بڕە پارەیەی بۆ کۆلێرا تەرخانکرا هێشتا دابین نەکراوە

PM:05:00:23/06/2022

2340 جار خوێندراوەتەوە

بریکاری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، ئەو بڕە پارەیەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆلێرا تەرخانکرا نووسراوی بۆ کراوە و ئاراستە وەزارەتی دارایی کراوە، بەڵام هێشتا دابین نەکراوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، رەهێڵ فەرەیدون بریکاری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، لیژنەی باڵا بۆ رووبەروبوونەوەی کۆلێرا لەسەر ئاستی وەزیر و بەرێوەبەرە گشتییەکان دروستکراوە.

لەبارەی دۆخی کۆلێرا لە شاری سلێمانی ئاماژەی بەوەدا، لە سلێمانی رێژەکە جێگەی مەترسی نییە و تا ئێستا لە کۆنتڕۆڵ دەرنەچووە، تەنها پێویستە رەچاوی خاوێنی بکرێت لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا.

وتیشی، ئامارەکان بەردەوامن، مەرج نییە هەموو سکچوون و رشانەوەیەک کۆلێرا بێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە رێکەوتی ٢٠ی ٦ی ٢٠٢٢، سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا ئاشکرایکرد، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندییداوە، بە خەرجکردنی بڕی ٨٠٠ ملیۆن دینار بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیی سکچوون و رشانەوە لە پارێزگای سلێمانی وەک بودجەی فریاگوزاریی خێرا.













گەلەری