سەردێڕ:

یەکەم دانیشتنی پەرلەمان دوای کشانەوەی سەدریەکان دەستیپێکرد

PM:01:38:23/06/2022

2080 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، زەنگی ئاگادارکردنەوە بۆ دەستپێکی دانیشتنی نائاسایی پەرلەمان بۆ دەستنیشانکردنی جێگرەوەکانی پەرلەمانتارانی سەدر لێدرا و بڕیارە جێگرەوەکان لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا سوێندی یاسایی بخۆن.


پێشتر دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندبوو کە لەسەر بنەمای رێساکانی بڕگەی یەکەمی ماددەی ٥٨ـی دەستوور و لەسەر داوای ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران، رۆژی ٢٣ی ئەم مانگە دانیشتنێکی نائاسایی ئەنجوومەنی نوێنەران ساز دەکرێت.

دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران تایبەت دەبێت بە سوێند خواردنی پەرلەمانتارە جێگرەوەکانی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی رەوتی سەدر کە ژمارەیان ٧٣ پەرلەمانتارە، بەڵام ھێشتا دیارنییە رێژەی یاسایی ئامادەبووان بۆ دانیشتنەکەی ئەمڕۆ تەواو دەبێت یان نا.

رۆژی ١٢ی ئەم مانگە سەرجەم پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی رەوتی سەدر کە ژمارەیان ٧٣ پەرلەمانتارە، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کشانەوە و ھاوکات رۆژی ١٣ی ئەم مانگەیش سەرۆکی دەستەی سیاسیی رەوتی سەدر، ئەحمەد ئەلموتێری رایگەیاندبوو کە موقتەدا سەدر لە پڕۆسەی سیاسی کشاوەتەوە.

کورسی لایەنەکانی شیعە، سوننە و سەربەخۆکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دوای کشانەوەی سەدرییەکان گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، بە جۆرێک لەو ٧٣ کورسییەی فراکسیۆنی رەوتی سەدر، ٧٠یان بۆ لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی و سەربەخۆکان دەچێت و سێ کورسیش بۆ ھاوپەیمانی سەروەریی دەچێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە١٢ی مانگی حوزەیران، موقەتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر نامەیەکی بڵاوکردەوە کە ئاراستەی سەرۆکی فراکسیۆنی سەدری کردووە تیایدا هاتووە، پێویستە سەرۆکی فراکسیۆنی سەدر، برای بەرێزم حەسەن عەزاری نامەی دەستلەکارکێشانەوەی براو خوشکانمان لە فراکسیۆنی سەدر پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی بکەن.

دوابەدوای داواکارییەی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە ئەندمانی فراکسیۆنی سەدر بۆ پێشکەشکردنی نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیان بە سەرۆکایەتی پەرلەمان، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەستلەکارکێشانەوەی سەرجەم ئەندامانی فراکسیۆنەکەی قەبوڵکرد و واژۆی لەسەرکرد.














گەلەری