سەردێڕ:

پەرلەمانتارێکی پارتی لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی فراکسیۆنەکەیانەوە لێدوانیدا

PM:10:53:12/06/2022

14068 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند، تا ئێستا هیچ فەرمانێکیان لە سەرۆکی پارتەکەیانەوە پێنەگەیشتووە لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەیان لە پەرلەمان. دەشڵێت، "ئەو دەنگۆیانەی باس لە دەستلەکارکێشانەوەی فراکسیۆنەکەیانەوە بڵاوکراوەتەوە دوورە لە راستییەوە".


ئەمڕۆ یەکشەممە، شیروان دووبەردانی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاند، دەنگۆی دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانی فراکسیۆنەکەی لەپەرلەمانی عێراق دوورە لە راستییەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، تا ئێستا هیچ فەرمانێکیان لە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتییەوە لەبارەی پێشەکەشکردنی دەستلەکارکێشانەوەیان بە سەرۆکایەتی پەرلەمان پێنەگەیشتووە.

دەشڵێت، هەرکاتێک مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی داوایان لێبکات دەستلەکاربکێشنەوە، ئەوان دەستبەجێ دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەن.

ئەمە لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ، موقەتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر نامەیەکی بڵاوکردەوە کە ئاراستەی سەرۆکی فراکسیۆنی سەدری کردووە تیایدا هاتووە، پێویستە سەرۆکی فراکسیۆنی سەدر، برای بەرێزم حەسەن عەزاری نامەی دەستلەکارکێشانەوەی براو خوشکانمان لە فراکسیۆنی سەدر پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی بکەن.

دوابەدوای داواکارییەی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە ئەندمانی فراکسیۆنی سەدر بۆ پێشکەشکردنی نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیان بە سەرۆکایەتی پەرلەمان، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەستلەکارکێشانەوەی سەرجەم ئەندامانی فراکسیۆنەکەی قەبوڵکرد و واژۆی لەسەرکرد.

لەلایەن خۆیەوە، میشعان جبوری ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی سیادە لە تویتەری خۆی سیناریۆی دوای دەستلەکارکێشانەوەی فراکسیۆنی سەدر ئاشکرا کرد و دەڵێت، حکومەتەکەی کازمی دەمێنێتەوە و پەڕلەمان خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان ئەنجامدەدرێت.













گەلەری