سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی ناوەرۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکی مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی ئاشکرا دەکات

PM:08:45:12/06/2022

6700 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی زانیاریەکانی ئێن ئاڕتی، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە ماوەکانی رابردوودا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا باسیان لە مەترسییەکانی هەڵبژاردن کردووە و لە پەیوەندییەکەدا، کە لە کۆبونەوەیەکی سەرکردایەتی باسی ناوەرۆکی پەیوەندییەکە کراوە، ئاماژەیان بەوەکردووە، لەم کاتەدا بەرێژەیەکی بەرچاو دەنگی هەردوو حزبەکە لە کەمبوونەوەدایە.


هەروەها، لە دیداری نێوان مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بە هەمان شێوە، هەردولا دانیان ناوە بە خراپی دۆخی پارتی و یەکێتی و مەترسی لە سەر کەمکردنی زۆر زیاتری دەنگەکانیان.

ئەوەش دوای ئەوەی هەردوو حزب بەپێی راپرسییە ناوخۆییەکانیان بۆیان دەرکەوتووە کە رێژەی دەنگەکانیان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمدەکات، بەو پێیەی لەدواین هەڵبژاردندا پارتی و یەکێتی زیاتر لە ٧٠٠ هەزار دەنگیان کەمکردوە.

هەر لەودیداری نیوان بافڵ تاڵەبانی و مەسرور بارزانی دا، باسیان لە مەترسی خۆیان لەکەمکردنەوەی دەنگەکانیان و پێشکەوتنی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە.

بەشێک لە چاودێران ئاماژە بەوەدەدەن، هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی هەرێم چارەنوسسازدەبێت بەو پێیەی نەتەوە یەکگرتوەکان بەوردی چاودێری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان دەکەن و چەند جارێک دڵنیاییانداوە لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و کۆمەڵگەی نیودەوڵەتیش جەخت لە شێوازی بەرێوەچونی پرۆسەکە دەکاتەوە.

هەرچەندە پارتی و یەکێتی بە چەندین رێگای جیاواز هەوڵیاندا بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان بۆماوەی دوو ساڵ، بەڵام فشارەکانی ناوخۆ و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی رێگربوون لە بەجێهێنانی خواستی پارتی و یەکێتی و ئێستا فشارەکان بە ئاراستەی ئەوەن لە زوترین کاتدا بەربەستەکانی بەردەم پرۆسەکە لاببرێن و هەڵبژاردنەکان بەشێوەیەکی پاک و بێگەرد بکرێن.

ئەمە لەکاتێکدایە، بابەتی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بوەتە باس وخواسی میدیاو ناوەندە سیاسیە نێوخۆییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پارتی و یەکێتیش لە هەر کات زیاتر ترسیان لێنیشتووە و ئەو دوو حزبەی زیاتر لێکنزیکردووەتەوە.













گەلەری