سەردێڕ:

یەکێتی ئەوروپا: دانوستانەکان لەبارەی رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دەستی پێکردەوە

PM:09:07:13/05/2022

1896 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسی باڵای سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایشی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، دانوستانەکانی تایبەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووەتەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە، بۆ ماوەی دوومانگە دانوستانەکان راگیرابوون.


جۆزێب بۆرێڵ بەرپرسی باڵای سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایشی یەکێتی ئەوروپا، بەرلە بەشداری کردنی لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە گروپی G7 لە ئەڵمانیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، دانوستانەکانی تایبەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووەتەوە.

لەبارەی هەڵسەنگاندنی بۆ دەستبەسەرکردنی ئێنڕیکی مۆرا بەرپرسی تیمی دانوستانکاری یەکێتی ئەوروپا، لەلایەن پۆلیسی ئەڵمانیا لە فڕۆکەخانەی فرانکفۆرد، باسی لەوەکرد، رووداوەکە بەکۆتا هاتووە و ناوبراو سواری فرۆکەکەی بووە و بەردەوامی بە گەشتەکەی داوە.

وتیشی، ئەوەی لێرەدا گرنگە باسی لێوە بکرێت ئەنجامی سەردانەکەی بوو کە بۆ ئێران ئەنجامیدابوو. کۆبوونەوەکانی مۆرا لەگەڵ بەرپرسانی ئێران زۆر بەباشی بەڕێوەچوو و ئەنجامی ئەرێنی هەبوو. لەکاتێکدا ماوەیەکی زۆربوو دانوستانەکان هەڵپەسێردرابوون، دووبارە دەست پێدەکەنەوە، بۆیە سەردانەکەی ئێنڕیکی مۆرا سەرۆکی تیمی دانوستانکاری یەکێتی ئەوروپا، بۆ ئێران ئەنجامی باشی هەبوو.

ئەمە لەکاتێکدایە، سەرەتای هەفتەی رابردوو ئێنڕیکی مۆرا یاریدەدەری سکرتێری گشتی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، ، بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ڤیەننا، بە سەردانێک گەیشتبووە تارانی پایتەخت.

ئێنڕیکی مۆرا لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیان لە هەژمارەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی راگەیاندراوێکی بڵاوکربووەوە و ئاماژەی بەوەدابوو کە دوای گەڕانەوەیان لە تاران پۆلیسی ئەڵمانیا لە فرۆکەخانەی فرانکفۆرد بێ هیچ پاساوێک خۆی و دوو دیبلۆماتکاری باڵایی ئەوروپییان بۆ ماوەیەک دەستبەسەرکردووە.

بەمەبەستی زیندووکردنەوەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ٢٠١٥، ئێران لەگەڵ فەڕەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، روسیا و چین لە ڤیەننا دانوستان دەکات و ئەمریکاش ناڕاستەوخۆ بەشدارە لەو کۆبوونەوەکاندا.













گەلەری