ژمارەیەک خۆبەخشی تەندروستی لە پارێزگای سلێمانی و چەند ناوچەیەکی دیکە بە مەبەستی داواکردنی دامەزراندنیان بە هەمیشەیی خۆپیشاندانیان کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە، خۆپیشاندەرێکی خۆبەخشی تەندروستی لە شاری سلێمانی بە ئێن ئار تی راگەیاند، بەنهێنی دامەزراند دەستی پێکردووە ئەوانیش داوا دەکەن بە شێوەی هەمیشەیی دابمەزرێنرێن.
خۆپیشاندەرێکی دیکەی
خۆبەخشی تەندروستی ئاماژەی بەوەدا، بەشێک لە خۆبەخشان ماوەی شەش ساڵە کاردەکەن،
هەشیانە سێ ساڵ و بەشێکی دیکەیان دوو ساڵە کاردەکەن.
دەشڵێت، مافی خۆیانە داوای
دامەزراندنی هەمیشەیی بکەن.
هاوکات، رێبین نوێنەری خۆپیشاندەرانی
خۆبەخشی تەندروستی لە نەخۆشخانەی
قەڵای خێرخوازی تایبەت بە توشبووانی پەتای
کۆرۆنا لە کەلار بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، خۆبەخشان دوو ساڵە خزمەتییان کردووە و داوا
دەکەن وەک خۆبەخشانی ناوچەکانی دیکەی هەرێم رەنجیان بەفیڕۆ نەڕوات و داوای
دامەزراندنی هەمیشەیی دەکەن.
وتیشی، ئەوان چاوەڕێی
وەڵام و لێدوانی حکومەتی هەرێم و وەزیری تەندروستی هەرێمن لەبارەی
داواکارییەکەیانەوە.
خۆپیشاندەرێکی دیکەی خۆبەخش
لە کەلار ئاماژەی بەوەدا، تاکە داواکاری ئەوان دامەزراندیانە بە شێوەی هەمیشەیی.
دەشڵێت، بۆ چی لە
زاخۆ ١٠٠ کەس دامەزرێنراون و داواش دەکرێت
١٠٠ کەسی دیکە دامبەزرێنرێن و بە تەنسیب لە تەندروستی زاخۆ دەست بەکاربن، بۆ چی لە زۆنی سەوز هیچ بوارێکی
دامەزراندن نییە؟
ئەمە لەکاتێکدایە، زیاتر
لە ١٠ ساڵە لە هەرێمی کوردستان دامەزراندن بە شێوەیەکی فەرمی و ئاشکرا راگیراوە و
هیچ کەسێک بەشێوەی هەمیشەیی دانەمەزراوە. بەردەوام خۆبەخشانی تەندروستی و
مامۆستایانی وانەبێژ گردبوونەوە و خۆپیشاندان دەکەن و داوای دامەزراندنی
هەمیشەییان دەکەن.
بڕیار جاف – کەلار
گۆران عەبدوڵا- سلێمانی