AM:11:22:18/03/2026
224 جار خوێندراوەتەوە
+
-
ئەرجەنتین پاش هەڵوەشاندنەوەی فینالیسیما بە
فەرمی یارییەکی دۆستانە لەگەڵ گواتیمالا ئەنجامدەدات.
دوای ئەوەی بە فەرمی یاری چاوەڕوانکراوی فینالیسیما
لە نێوان پاڵەوانی ئەوروپا و ئەمریکای باشوور هەڵوەشایەوە، یەکێتیی تۆپی پێی
ئەرجەنتین ڕایگەیاند کە هەڵبژاردەی تانگۆ لەبری ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسپانیا،
یارییەکی دۆستانە لە نێو خاکی خۆیدا ئەنجام دەدات.
بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یارییەکە دوای دروستبوونی
گرژی لە نێوان یەکێتییەکانی یوفا و کۆنیمبۆڵ هات، کە نەگەیشتنە رێککەوتن لەسەر کات
و شوێنی یارییەکە، بەتایبەت دوای ئەوەی ئیسپانیا پێشنیازی ئەرجەنتینی بۆ یاریکردن
لە ڕێککەوتی 31ی ئازار رەتکردەوە.
هەر بۆیە
بڕیاردرا لە هەمان بەرواردا، واتە سێشەممە 31ی ئازاری 2026، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین
لە یارییەکی دۆستانەدا لە وڵاتی خۆی میوانداری هەڵبژاردەی گواتیمالا بکات.
راگەیەندراوێکی فەرمی یەکێتیی تۆپی پێی ئەمریکای
باشوور دووپاتی کردەوە کە کوڕانی سکالۆنی هەفتەیەک مەشقی چڕ لە نێو ئەرجەنتین
ئەنجام دەدەن و بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا ناوی یاریگا و لیستی یاریزانە
بانگهێشتکراوەکان بۆ ئەم یارییە رابگەیەنرێت، کە وەک ئامادەکارییەک دەبێت بۆ
مۆندیالی 2026.