چیڤۆ: گرنگی بە ریزبەندی نادەین

PM:02:11:01/03/2026

76 جار خوێندراوەتەوە

+ -

چیڤۆ جەختیکردەوە کە گرنگی بە ریزبەندی نادەن و دڵخۆشە بە ئاستی یاریزانە لاوەکان چونکە لە فەلسەفەی ئەو تێدەگەن.

دوای بردنەوەی ئینتەر میلان لە یانەی جەنەوا کریستیان چیڤۆ ڕاهێنەری نێرازۆری وتی: من زۆر دڵخۆشم بەو ڕۆحیەتەی یاریزانەکانم نیشانیاندا، بردنەوە لە جەنەوا هەرگیز ئاسان نییە، بەڵام ئێمە لە سەرەتاوە تا کۆتایی کۆنتڕۆڵی یارییەکەمان کردبوو.

بۆ من وەک ڕاهێنەر، بردنەوە بە دوو گۆڵی خاوێن و پاراستنی تۆڕی گۆڵەکەمان هێندەی گۆڵ تۆمارکردن گرنگە، ئەمە نیشانەی جێگیریی تیپەکەمانە لە هێڵی بەرگریدا و متمانەی زیاتر بە یاریزانەکان دەبەخشێت بۆ یارییەکانی داهاتوو.

دەشڵێت: ئێمە سەیری ڕیزبەندی ناکەین، تەنها تەرکیزمان لەسەر یاری داهاتووە، هەموو یارییەک بۆ ئێمە وەک یاری کۆتایی وایە، سێ خاڵەکە زۆر گرنگ بوو بۆ ئەوەی فشار لەسەر ڕکابەرەکانمان دروستبکەین و لە پێشەوەی خولەکەدا بمێنینەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد: بینینی هەندێک لەو یاریزانانەی کە پێشتر لەگەڵی بوون لە تیپی لاوان و ئێستا لە پێکهاتەی سەرەکیدا دەدرەوشێنەوە، شانازییەکی گەورەیە بۆی، ئەوان بە باشی لە فەلسەفەکەی تێدەگەن.