کۆمپانی: باشترین یاریی وەرزەکەمان ئەنجامدا

PM:01:40:01/03/2026

72 جار خوێندراوەتەوە

+ -

کۆمپانی رایگەیاند باشترین یاریی وەرزەکەیان ئەنجامدا و بردنەوەکە گرنگ بوو بۆ پارێزگارییکردن لە پێشەنگ.

ڤینسێنت کۆمپانی راهێنەری بایرن میونشن، دوای بردنەوەی کلاسیکۆ لە دۆرتمۆند وتی: یەکێک لە باشترین یارییەکانی وەرزمان ئەنجامدا، هەردوو تیپ بەوپەڕی هێزەوە یارییان کرد، بەڵام لە کۆتاییدا ئێمە کەمێک زیاتر شایەنی سێ خاڵەکە بووین.

ئەو ڕۆحیەتەی یاریزانەکانم نیشانیاندا نایاب بوو، سەرەڕای ئەوەی دۆرتمۆند فشارێکی زۆری دروست کرد و توانی گۆڵمان لێ بکات، بەڵام ئێمە خۆمان بەدەستەوە نەدا، بردنەوەکەش متمانەمان پێ دەبەخشێت.

کۆمپانی وتیشی: پێویستە ڕێز لە دۆرتمۆند بگرین، ئەوان یارییەکی زۆر توندیان ئەنجام دا و لە زۆر کاتدا کێشەیان بۆ دروست کردین، بەڵام جیاوازییەکە لەوەدا بوو کە ئێمە لە ناوچەی سزای ئەواندا بڕیاری دروستمان دا و توانیمان هەلەکانمان بکەین بە گۆڵ.

دەشڵێت: ئێمە بایرن میونشنین، هەمیشە فشار لەسەرمانە بۆ بردنەوە، ئەم سێ خاڵە زۆر گرنگ بوو بۆ ئەوەی پێگەی خۆمان لە پێشەنگی بۆندسلیگا قایم بکەین،

ئێستا کاتی کەمێک ئاهەنگگێڕانە، بەڵام لە بەیانییەوە بیر لە یاری داهاتوو دەکەینەوە.