تێر شتێگن دوای تێپەڕبوونی 16 ساڵ یاریکردن لەگەڵ
ئارانگۆ لە ئێستادا لەگەڵ کوڕەکەی یاریدەکات لە جیرۆنا.
مارک ئاندرێ تێر شتێگن، گۆڵپارێزی ناوداری
ئەڵمانی، دوای ئەوەی بە فەرمی بە شێوەی خواستن بۆ ماوەی شەش مانگ لە یانەی بەرشەلۆنەوە
رووی لە یانەی جیرۆنا کرد، ئێستا خۆی بۆ دەسپێکی قۆناغێکی نوێ و چارەنووسساز لە
ژیانی وەرزشیدا ئامادە دەکات.
ئەم
گواستنەوەیە کە لە گەرمەی بازاڕی زستانەدا روویدا، دوای ئەوە هات کە شتێگن لەژێر
سەرپەرشتی هانسی فلیک نەیتوانی پێگەی خۆی لە پێکهاتەی سەرەکی بەرشەلۆنە بپارێزێت و
راهێنەرە ئەڵمانییەکە زیاتر پشتی بە خوان گارسیا دەبەست، ئەمەش وایکرد شتێگن بۆ
پاراستنی ئامادەیی خۆی و مسۆگەرکردنی کورسییەک لە پێکهاتەی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بۆ
مۆندیالی داهاتوو، بڕیاری جێهێشتنی کامپ نو بدات.
سەرەڕای رەهەندە وەرزشییەکەی، ئەم گواستنەوەیە
چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش و تا رادەیەک تەنزئامێزیشی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە؛ بەپێی
ڕاپۆرتێکی تۆڕی ئی ئێس پی ئێن، گۆڵپارێزەکە کە لە ساڵی 2010 لە یانەی
بوروسیا مۆنشێنگلادباخ هاوڕێی یاریزانی ئەفسانەیی ڤەنزوێلا خوان ئارانگۆ بووە،
ئێستا دوای 16 ساڵ لە یانەی جیرۆنا لەگەڵ کوڕی ئەو ئەفسانەیە یاریدەکات، بەجۆرێک کە
بڕیارە شتێگن ئەو درێسە بپۆشێت کە لە ئێستادا لای خوان ئارانگۆ جونیۆری تەمەن 19ساڵە، کە یاریزانێکی یەدەگی جیرۆنایە، ئەمەش تێکهەڵچوونێکی دەگمەنی نێوان دوو
نەوەی جیاواز لە دنیای تۆپی پێدا نیشان دەدات.
ئارانگۆ جونیۆر ئەم وەرزە بەشداری لە یەک یاری لا
لیگا کردووە و تەنها حەوت خولەک یاری کردووە، لە ئێستاشدا گۆڵپارێزە 33 ساڵانە
ئەڵمانییەکە، هەلی ئەوەی لەبەردەستدایە لەگەڵ کوڕی هاوڕێیەکی پێشووی بچێتە
یاریگاوە.
تێر شتێگن دوای تێپەڕبوونی 16 ساڵ یاریکردن لەگەڵ ئارانگۆ لە ئێستادا لەگەڵ کوڕەکەی یاریدەکات لە جیرۆنا.