PM:11:05:02/03/2026
168 جار خوێندراوەتەوە
+
-
سوارێز لقێکی لە چێشتخانە بەناوبانگەکەی لە مەدرید کردەوە و دەیەوێت ببێنە وەبەرهێنێکی سەرکەوتوو.
لویس سوارێز، ئەستێرەی ئۆرۆگوایی و یاریزانی پێشووی یانەکانی لیڤەرپوول و بەرشەلۆنە و ئەتلەتیکۆ، لە هەنگاوێکی ستراتیژیدا کە ڕەهەندی بازرگانی گەورەی لەپشتە، بڕیاری دا پڕۆژە وەبەرهێنانەکانی لە هەرێمی کەتەلۆنیاوە بۆ دڵی مەدریدی پایتەخت بگوازێتەوە، ئەمەش لە ڕێگەی کردنەوەی یەکەم لقی چێشتخانە بەناوبانگەکەی بەناوی شالیتۆ لە شەقامی پرینسیزا.
ئەم بڕیارەی سوارێز وەک ئاماژەیەک بۆ پەسەندکردنی مەدرید دەبینرێت تا ببێتە سەکۆی سەرەکی بۆ جیهانیبوونی براندەکەی، بەتایبەت کە ئەو یاریزانە یادگارییەکی خۆشی لەگەڵ ئەو شارە هەیە کاتێک نازناوی لالیگای لەگەڵ ئەتلەتیکۆ مەدرید تێدا بەدەستهێنا.
بۆ ڕاکێشانی سەرنجی دانیشتوانی پایتەخت، چێشتخانەکە لە مەراسیمێکی گەورەدا 500 پارچە لە ژەمە بەناوبانگەکەی میلانێزای بە خۆڕایی بەسەر ئامادەبوواندا دابەش کرد.
شیکەرەوان پێیان وایە سوارێز بەم هەنگاوە دەیەوێت پێگەی خۆی وەک وەبەرهێنەرێکی سەرکەوتوو لە ئیسپانیا قایمتر بکات و سوود لەو ناوبانگە زۆرەی وەربگرێت کە لە مەدرید هەیەتی، تاوەکو شالیتۆ تەنها وەک چێشتخانەیەک نەمێنێتەوە، بەڵکو ببێتە ئەزموونێکی نوێی خواردنە لاتینییەکان لە بازاڕە هەرە زیندووەکانی ئەورووپادا.