ئینفانتینۆ: مۆندیالی 2026 مێژووی دەبێت

AM:09:00:23/01/2026

192 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئینفانتینۆ دوپاتیکردەوە مۆندیالی 2026 مێژوو تۆماردەکات و تۆپی پێش گرنگترین وەرزشی جیهانە.

ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا، لە مەکۆی جیهانی ئابووری لە داڤۆس، بە فەرمی ژماردنی پێچەوانەی بۆ جامی جیهانی 2026 راگەیاند و دووپاتی کردەوە کە ئەمە گەورەترین و پڕبایەخترین خولی مێژووی ئەم وەرزشە دەبێت.

ئینفانتینۆ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم پاڵەوانێتییە تەنها رکابەرییەکی وەرزشی نییە، بەڵکو گەشتێکی مرۆیی و نێودەوڵەتییە کە لە 11ی حوزەیران لە مەکسیکۆ سیتی دەست پێ دەکات و بە 104 یاری لە سێ وڵاتی جیاواز بەردەوام دەبێت تا گەیشتن بە یاری کۆتایی لە 19ی تەمموز، کە تێیدا خۆی و دۆناڵد ترەمپ جامەکە پێشکەشی پاڵەوان دەکەن.

جەختی لەوە کردەوە، کاریگەرییە ئابوورییەکانی ئەم رووداوە دەگاتە 80 ملیار دۆلار و نزیکەی 825 هەزار هەلی کار دەڕەخسێنێت، هەروەها باسی لەوە کرد کە تۆپی پێ هێزێکی ئەوتۆی هەیە جیهان لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکاندا ڕابگرێت؛ بە جۆرێک کە تەنانەت لە وڵاتانی وەک بەڕازیل ڕێژەی تاوان کەم دەبێتەوە و نەخۆشخانەکان چۆڵ دەبن.

ئینفانتینۆ بە گێڕانەوەی یادەوەرییەکانی خۆی و ئاماژەدان بەوەی کە تۆپی پێ دیموکراسیترین وەرزشی جیهانە، رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت شەش ملیار بینەر و حەوت ملیۆن تەماشاکەر لە یاریگاکان ئامادەبن، کە ئەمەش هاوتایە لەگەڵ بەڕێوەچوونی 104 سوپەربۆڵ لە ماوەی یەک مانگدا.

ئەوەشی ئاشکرا کرد، خواستی کڕینی بلیت گەیشتووەتە ئاستێکی بێپێشینە و تەنها لە چوار هەفتەدا 500 ملیۆن داواکاری تۆمارکراوە، کە یەکسانە بە تێکڕای فرۆشی بلیەتەکانی فیفا لە سەدەی رابردوودا.