AM:01:41:21/01/2026
48 جار خوێندراوەتەوە
+
-
لە چامپیۆنز لیگ ئارسناڵ بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک شکستی بە ئینتەر میلان هێنا و تۆتنهام و ئەیاکس بردیانەوە.
لە یارییەکانی قۆناغی یەکەمی چامپیۆنز لیگ، ئینتەر میلان میوانداری ئارسناڵی کرد.
لە تایمی یەکەم، لە خولەکی 10 خیسۆس ئارسناڵی بە گۆڵێک پێشخست، بەڵام زۆری نەخایاند و لە خولەکی 18 سوسیچ ئەنجامەکەی بۆ ئینتەر یەکسانکردەوە، دواتر گەنەرز باشتر بینران و توانیشیان لە خولەکی 31 لەرێگای خیسۆسەوە ببنە خاوەنی گۆڵی دووەم و ئەو تایمەش بەو ئەنجامە کۆتایی پێهات.
لە تایمی دووەم، ئاستی یارییەکە هاوسەنگی پێوەبینرا، هەردوولا هەوڵی گۆڵیاندا، بەڵام تەنها ئارسناڵ سەرکەوتوو بوو لە گۆڵ تۆمارکردن کاتێک لە خولەکی 83 لەڕێگای گیۆکیرێسەوە بوونە خاوەنی گۆڵی سێیەم.
سەرەنجامیش یارییەکە بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک بەبردنەوەی ئارسناڵ کۆتایی پێهات و خاڵەکانی بوون بە 21 خاڵ لە پلەی یەکەم، ئینتەریش 12 خاڵی هەیە لە پلەی نۆیەم.
لە یارییەکانی تریشدا، تۆتنهام بە دوو گۆڵی بێوەڵام شکستی بە دۆرتمۆند هێنا، ئەیاکسیش بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە ڤیاڕیاڵی بردەوە.