قوە جەوییە گرێبەستی پێشکەش بە سێرجیۆ رامۆس کردووە

PM:09:58:20/01/2026

200 جار خوێندراوەتەوە

+ -

قوە جەوییە گرێبەستی پێشکەش بە سێرجیۆ رامۆس کردووە و دەیەوێت تا هاوینی داهاتوو بیگوازێتەوە.

بەپێی بڵاوکراوەیەکی کەناڵی رابیعە ریازی و بەشێکی زۆر لە میدیا عێراقییەکان، یانەی قوە جەوییەی عێراقی لە هەنگاوێکی بوێرانەدا و بۆ بەهێزکردنی هێڵی بەرگریی، گرێبەستێکی فەرمی پێشکەشی ئەستێرەی پێشووی ریاڵ مەدرید و هەڵبژاردەی ئیسپانیا سێرجیۆ رامۆس کردووە.

رامۆسی تەمەن 39 ساڵ، لە ئێستادا یاریزانێکی ئازادە و دوای کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی مۆنتێری مەکسیکی لە سەرەتای ئەم مانگەدا بێ یانەیە، کارگێڕی یانە عێراقییەکەش لە رێگەی نێوەندگیرێکەوە پەیوەندییان بە رامۆسەوە کردووە و چاوەڕێی وەڵامی کۆتایی ئەو بەرگریکارە دەکەن، کە بڕیارە گرێبەستەکە تا هاوینی داهاتوو بێت و بڕە پارەیەکی خەیاڵیشی بۆ تەرخان کراوە.

یانەی جەوییە لەم هەنگاوەیدا پشت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ رابیتەی لالیگا دەبەستێت کە سەرپەرشتی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەکات، بۆ ئەوەی رامۆس قایل بکەن بەوەی کە ئاستی خولەکە و ژینگەی وەرزشی لە عێراق گونجاوە.

ئەم هەوڵەی جەوییە لە کاتێکدایە کە یانەکە پێشتر عید رەشیدی یاریزانی کوێتی گواستووەتەوە و دەیەوێت بەپەلە هێڵی بەرگریی تۆکمە بکات، ئەگەر رامۆسیش رازی نەبێت، یانەکە پلانی هەیە بچێتە داوای ناوێکی تری گەورە لە جیهانی تۆپی پێدا.